هەواڵی کوردستان ئێستا

ئیلۆن ماسک هەژماری تویتەری دۆناڵد ترەمپ-ی کردەوە

ئیلۆن ماسک هەژماری تویتەری دۆناڵد ترەمپ-ی کردەوە
ئیلۆن ماسک هەژماری تویتەری دۆناڵد ترەمپ-ی کردەوە

2022-11-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


- هەژمارەکەی ترەمپ لە تویتەر دوای نزیکەی دوو ساڵ لە قەدەغەکردن کرایەوە، دوای کردنەوەیشی بەبێ ئەوەی ترەمپ هیچ تویتێک بکات، ژمارەی فۆڵۆوەرانی بەخێرایی گەیشتە ٥٢ ملیۆن.

خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئیلۆن ماسک دووبارە هەژماری تویتەری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی کردەوە کە دوای هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، داخرابوو.

هەژمارەکەی ترەمپ لە تویتەر دوای نزیکەی دوو ساڵ لە قەدەغەکردن کرایەوە، دوای کردنەوەیشی بەبێ ئەوەی ترەمپ هیچ تویتێک بکات، ژمارەی فۆڵۆوەرانی بەخێرایی گەیشتە ٥٢ ملیۆن.

ئیلۆن ماسک لە ١٨ی ئەم مانگە لە تویتەر، لەژێر ناونیشانی "ئایا ئەکاونتی ترەمپ بگەڕێتەوە؟" دەستی بە راپرسییەک کرد.

خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئیلۆن ماسک لە میانی راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکەدا، ئااژەی بەوەدا کە لەسەدا ٥٢ی بەکارهێنەران دەنگیان بە "بەڵێ" داوە.

ئیلۆن ماسک لە پەیامێکدا نووسیوویەتی: "خەڵک دەنگی داوە، (هەژمارەکەی) ترەمپ دەگەڕێتەوە" و دەستەواژەی لاتینی "Vox Populi, Vox Dei." بەکارهێناوە کە بە واتای "دەنگی گەل، دەنگی خودایە" دێت.

تویتەر لە نۆی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا رایگەیاند، بەهۆی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا هەژماری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ هەمیشە راگرتووە.

تیمی ئەمنی تویتەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە: "دوای ئەوەی بەوردی لێکۆڵینەوە لە پەیامەکانی ئەم دواییەی ترەمپ و ئەو کاردانەوانە کرا کە بەهۆی ئەو پەیامانەوە هاتنە کایەوە، بەهۆی مەترسی هاندانی توندوتیژی زیاترەوە، ئەم هەژمارەمان بۆ هەمیشە راگرت".