ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا بە تۆپهاوێژ پێگەکانی هێڵی پێشەوە بۆردومان دەکەن
لەم مانگەدا هێزەکانی ڕووسیا لە شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا کشانەوە و هەندێکیان ڕەوانەی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کران تاوەکو پشتیوانی لە پێگەکانی خۆیان بکەن لەو ناوچانەدا.
زێلێنسکی وتی " وەکو پێشتریش، سەختترین شەڕەکان لە هەرێمی دۆنێتسکن. سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ هێرشی کەمتر هەبووە بەهۆی خراپبوونی کەش و هەواوە، بەڵام بۆردومانەکانی ڕووسیا بەداخەوە هێشتا زۆر زۆرن."
وتیشی " لە هەرێمی لوهانسک بە خاوی پێشڕەوی دەکەین و لە هەمان کاتیشدا شەڕ دەکەین. لە سەرەتای ڕۆژەکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 400 هێرشی تۆهاوێژ لە ڕۆژهەڵات هەبووە."
زێلێنسکی وتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە باشووری ئۆکرانیا " بە بەردەوامی و زۆر بە وردی تواناکانی داگیرکەران لە ناودەبەن." بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.
ڕۆژی شەممە کیێڤ وتی لە هێرشی تۆپهاوێژە مەودا درێژەکانی ئۆکرانیادا لە باشوور نزیکەی 60 سەربازی ڕووسی کوژراون، ئەمەش دووەمین جارە لە چوار ڕۆژدا ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوە بکات لە تەنها یەک هێرشدا زیانێکی گەورەی بە ڕووسییەکان گەیاندووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز