هەواڵی کوردستان ئێستا

کاردانەوەی ئەمەریکا لەسەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ سەر حزبە کوردەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران

کاردانەوەی ئەمەریکا لەسەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ سەر حزبە کوردەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران
کاردانەوەی ئەمەریکا لەسەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ سەر حزبە کوردەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران

2022-11-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

پاش هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق نیگەرانی دەردەبڕێت و دەڵێت خەڵکی سڤیلی بێتاوان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەڵینا ڕۆمەنۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆژی دووشەممە لە تویتێکدا دەڵێت " شەوی ڕابردوو پێشێلکارییەکی تری ئێرانمان بینی بۆ سەر سەروەری عێراق. هێرشە مووشەکی و درۆنەکان خەڵکی مەترسی لەسەر خەڵکی سیڤیلی بێتاوان دروستدەکات و ژێرخانی عێراق وێران دەکات. دەبێت ئەم هێرشە نابەرپرسیارانە ڕابگیرێن."

 

فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ناسراو بە CENTCOMشەوی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشەکانی کرد و گوتی " ئەم جۆرە هێرشە بێ جیاوازیانە هەڕەشە دەخاتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان و سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات و ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیی کە شەڕێکی سەختی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ کراوە دەخاتە تێکدەدات."

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا جگە لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکان ڕایگەیاند " داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت ."

 

ئێران جارێکی دیکە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە هێرشی کوشندەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە دژی حزبە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدایە، ئەنجامدا و تۆمەتباریان دەکات بە وروژاندنی نائارامی لەناو ئێراندا.

محەمەد ساڵح قادری نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە هەولێر سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنكە و بارەگاکانیان و كەمپی پەنابەران بۆ دەنگی ئەمەریكا دوا.

 

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ئەحمەد زێباری لە کۆیەوە ڕادەگەیەنێت شەوی ڕابردوو بە چوار مووشەک هێرش کراوەتە سەر قەڵای دیموکرات و کەمپی ئازادی کە تایبەتە بە پەنابەران. ئەو دەڵێت " لەو چوار مووشەکەدا یەکێکیان بەر قەڵای دیموکرات کەوتووە و پێشمەرگەیەکیش گیانی لەدەستداوە. مووشەکێکی تر کەوتووەتە دەوروبەری قەڵاکە. دوو مووشەکیش بەر کەمپی پەنابەران کەوتوون. یەکێکیان لە تەنیشت نەخۆشخانەیەکی پەنابەران کەوتووە."

جگە لە هێرشەکەی سەر قەلای دیموکرات لە کۆیە و کەپمی پەنابەرانی جێژنیکان، هەر لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ‌هێزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زرگوێز.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا سنوور کەریم لە زڕگوێزەوە دەڵێت "وەک بەرپرسانی حزبەکە دەڵێن بارەگاکەیان خاپوور بووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، چونکە پێشمەرگەکانیان لەوێ نەماون و چوونەتە نێو چیاکانەوە."

لە پاش خۆپیشاندانەکانی ئێران کە بەهۆی ناڕەزایەتی لە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و پاشان تەشەنەی سەند، کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە سێهەم جارە هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەکاتە سەر حزبە کوردییەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران لە نا خاکی هەرێمی کوردستاندا.