هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمەریکا داوای بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر کۆریای باکوور

ئەمەریکا داوای بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر کۆریای باکوور
ئەمەریکا داوای بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر کۆریای باکوور

2022-11-22 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا داوای بەیاننامەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد تاوەکو لێپێچینەوە لە کۆریای باکوور بکات لەسەر تاقیکردنەوە موشەکییەکانی، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پیۆنگیانگ موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی هەڵدا کە لە توانایدا هەیە بگاتە خاکی ئەمەریکا.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی زۆر گرنگە بۆ15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بە یەک دەنگ وەڵام بدەنەوە و جەختی لەوە کردەوە چین و ڕووسیا کۆریای باکوورییان " پشت ئەستوور " کردووە لە ڕێی ڕێگریکردن لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی کۆریای باکوور لەلایەن ئەنجومەنەکەوە.

لیندا تۆماس گرینفیڵد لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا وتی " بەربەستەکانی ئەم دوو وڵاتەی ئەندام ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سەرانسەری جیهان دەخەنە مەترسییەوە."

وتیشی " دەرفەتێکی دیکە دەدەین بە ئەنجومەنەکە تاوەکو لێپێچینەوە لە کۆریای باکوور بکات لەسەر لێدوانە مەترسیدارەکانی و کارە تێکدەرەکانی. ئەمەریکا پێشنیاری بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی دەکات لەم بارەیەوە."

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون وتی چین " نیگەرانی " ڕەوشەکەی نیمچە دوورگەی کۆریا بووە، وتیشی " گرژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە نیمچە دوورگەکەدا لە زیادبووندان."

وتی ئەمەریکا " دەبێت دەستپێشخەری بکات و دڵسۆزی پیشان بدات و پێشنیاری ڕاستەقینە بکات و بتوانرێت جێبەجێ بکرێن، بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی نیگەرانییە ڕەواکانی کۆریای باکوور بداتەوە و دەستبکاتەوە بە گفتوگۆکان."

ژانگ وتی " لە ژێر ئەم هەلومەرجەی ئێستادا، سەرجەم لایەنەکان دەبێت بە ئارامی بمێننەوە و دان بەخۆیاندا بگرن و بە وریاییەوە قسە بکەن و ڕەفتار بکەن، هەروەها خۆیان لە هەر کارێک بە دووربگرن کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و بە هەڵە لێکدانەوە."

ژانگ داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد " ڕۆڵێکی بونیادنەرانەی هەبێت لەم بابەتەدا " و هەمیشە سەرکۆنە یاخود فشار نەخاتە سەر کۆریای باکوور. وتیشی " گفتوگۆکانی ئەنجومەنەکە دەبێت گرژییەکان کەم بکاتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز