هەواڵی کوردستان ئێستا

حکوومەتی یەمەن: "حووسییەکان رێگرن لە هەناردەکردنی زیاتر له‌ 2 ملیۆن بەرمیل نەوت"

حکوومەتی یەمەن: "حووسییەکان رێگرن لە هەناردەکردنی زیاتر له‌ 2 ملیۆن بەرمیل نەوت"
حکوومەتی یەمەن: "حووسییەکان رێگرن لە هەناردەکردنی زیاتر له‌ 2 ملیۆن بەرمیل نەوت"

2022-11-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان دەکرێت بوونەتە رێگر لە بەردەم هەناردەکردنی دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەری نەوتیی دەببە لە پارێزگای حەزرەمەوت رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، یەحیا سەریع رایگەیاند کە کەشتییەکیان لە بەندەری دەببە دوور خستووەتەوە کە هەوڵی داوە نەوتی خاو بگوازێتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی "SABA" کە لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە بڵاوی کردەوە، سکرتێری راگەیاندنی لیژنەی ئابووری باڵای سەربە حووسییەکان، ئیبراهیم سەراجی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گوایە "کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەتاڵانبردنی نەوت هاتوونەتە بەندەری دەببە لە پارێزگای حەزرەمەوت".

سەراجی ئاماژەی بەوە داوە کە کەشتییەکیان بە ناوی "PRATIKA" لەو بەندەرە دوورخستووەتەوە کە ویستوویەتی دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بگوازێتەوە کە بەهاکەی بە 174 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و گوتی: "ئەم هەنگاوە دوای ئەوە نرا کە پێشێلکارییەکانی سنوورە ئاوییەکان ئەنجام دران و هەوڵ درا بۆ بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان".

حکوومەتی یەمەنیش لای خۆیەوە رایگەیاندووە کە حووسییەکان لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشیان کردووەتە سەر بەندەری دەببە.

لە راگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی یەمەن سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە میانی یەک مانگدا، دووەم جارە حووسییەکان بەندەرەکەی پارێزگای حەزرەمەوت بە ئامانج دەگرن.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەدەن ئەم هێرشەی حووسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی هەناردەکردنی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو رابگیرێت.