هەواڵی کوردستان ئێستا

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران: هەتا ئێستا 416 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران: هەتا ئێستا 416 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران: هەتا ئێستا 416 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون

2022-11-22 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

گروپێکی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی ئێران تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە،  72 کەسیان کوشتووە لەوانەشدا 56 کەسیان لە کوردستانی ئێران بوون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی ( IHR) کە بنکەی لە نۆروێژە لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا دەڵێت هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئێران بە توندترین شێوە کەوتووەتە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەتایبەتی لە ناوچەکانی کوردەکان و بەلوچەکاندا.

 

محەمەد ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە دەڵێت " جگە لە تاوانی بەکارهێنانی گولەی جەنگ دژ بە خۆپیشاندەران لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی بەبەرنامە و بە ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی بێچەکی بەلوچ و کوردیان کوشتووە. ئەمەش دەچێتە خانەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی لەسەر شانە هەنگاو بنێت بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی."

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە چەندین شار و شارۆچکەی ڕۆژئاوای ئێران کە کوردنشینن لەوانەدا مەهاباد، جوانڕۆ و پیرانشار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی گەورە ئەنجامدرا کە زۆرجار لە پرسەی ئەو کەسانەی پێشتر لە خۆپیشاندانەکاندا کوژرابوون بەڕێوە چوون.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە سەرنجی لەسەر ناوچە کوردییەکانی ئێرانە، هێزەکانی ئاسایشی ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە و ناوچەکانی دانیشتوانیان تۆپباران کردووە.

هەنگاو دەڵێت "لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئێران لانیکەم 111 هاووڵاتیی کوردیان کوشتووە کە 100 هاووڵاتییان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون. لە دوایین هەفتەی ڕاپەڕینەکاندا 44 هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا."

 

هەنگاو دەڵێت تەنها لە ڕۆژی دووشەممەدا پێنج کەس لە جوانڕۆ کوژراون پاش ئەوەی هەزاران کەس کۆببونەوە بۆ مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزەکانەوە کوژرابوون.

 

ڕۆژی دووشەممە نێوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بنکە لە نیویۆرک داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کارێک بکات بۆ ڕێگری کردن لە کۆمەڵکوژی لەناوچە کوردییەکانی ئێراندا.

هادی غایمی بەڕێوەبەری ئەو نێوەندەی کە بە CHRI ناسراوە ڕایگەیاند " تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەزانن کە باجی کۆمەڵکوژی خەڵکی سیڤیل بۆ کۆتاییهێنان بەم خۆپیشاندانانەی ئێران زۆر قورس دەبێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە کوشتنی منداڵان، ژنان و پیاوانی بێتاوان لە هەوڵەکانیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ڕەشەکە."

بە پێی ئامارەکەی IHR  نیوەی ئەو کەسانەی کە لە سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ئێرندا کوژراون لەو پارێزگاکانی کەمینەکاندا بووە.  

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکرد، لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستبەسەرکرابوو، کوژرا. ئەم خۆپیشاندانانە گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییە لە ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.