هەواڵی کوردستان ئێستا

کۆمەڵێک سیناتۆری ئەمەریکی داوا لە پێنتاگۆن دەکەن چاوبخشێنێتەوە بە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گرەی ئیگڵ بە ئۆکرانیا

کۆمەڵێک سیناتۆری ئەمەریکی داوا لە پێنتاگۆن دەکەن چاوبخشێنێتەوە بە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گرەی ئیگڵ بە ئۆکرانیا
کۆمەڵێک سیناتۆری ئەمەریکی داوا لە پێنتاگۆن دەکەن چاوبخشێنێتەوە بە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گرەی ئیگڵ بە ئۆکرانیا

2022-11-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

16 سیناتۆری ئەمەریکی داوایان لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کردووە بە وریاییەوە بیر لە داواکەی ئۆکرانیا بکاتەوە بۆ پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گرەی ئیگڵ. ئەو سیناتۆرانە داواشیان لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) کردووە ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو فڕۆکەیەی نەداوە بە ئۆکرانیا.

تاوەکو ئێستا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن داواکانی ئۆکرانیای بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێم کیو – 1 سی گرەی ئیگڵ ڕەت کردۆتەوە کە دەتوانێت لە بەرزایی 8.8392 کیلۆمەترەوە کار بکات و یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ ئۆکرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیادا.

هۆکاری ڕەت کردنەوەکە نیگەرانییەکان بووە سەبارەت بەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێت بخرێنە خوارەوە، هەروەها گرنگ نەبوون بۆ شەڕەکەی ئۆکرانیا و دەکرێت بەهۆی ئەو فڕۆکەیەوە شەڕەکە پەرەبسەنێت، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تاوەکو ئێستا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئۆکرانیا چەند جارێک داوای لە ئەمەریکا کردووە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی بداتێ، لەمدواییانەدا داوای موشەکی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووە و هیوادارە واشنتن هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە بگۆڕێت، لە کاتێکدا کە ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازی بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا.

سیناتۆرەکان کە هەریەک لە جۆنی ئێرنستی کۆماری و جۆو مانچینی دیموکراتیان تێدایە و هەردووکیان ئەندامن لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سیناتدا، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی داواکەی ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە، دەڵێن پێدانی ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کە دەتوانرێت چەکی لێببەسترێت " پێویستی بەوەیە بە وریاییەوە چاوی پێدا بخشێنرێتەوە."

سیناتۆرەکان تاوەکو 30 ی مانگی یانزەیان داوە بە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن تاوەکو ڕوون کردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئایا بۆچی وەزارەتەکەی باوەڕی وایە ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە گونجاو نیە بۆ شەڕەکەی ناو ئۆکرانیا.

نامەکەی سیناتۆرەکان بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا و ناوەڕۆکەکەی سەرەتا ڕۆژی سێشەممە لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵەوە بڵاوکرایەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز