هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمەریکا: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەو تانکەرەی داوە کە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە

ئەمەریکا: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەو تانکەرەی داوە کە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە
ئەمەریکا: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەو تانکەرەی داوە کە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە

2022-11-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت لێکۆڵەرەوان بۆیان دەرکەوتووە کە هەفتەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆردومانی تانکەرێکی نەوتی کردووە کە پەیوەندی بە ملیاردێرێکی ئیسڕائیلییەوە هەبووە.

هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بۆ سەر کەشتی تانکەری پاسێفیک زیکرۆن لە کەناری عومان وادەردەکەوێت بەشێک بێت لەو شەڕی پشت پەردەیەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران کە بە ئامانجکردنی کەشتییەکی پەیوەندیداری بە ئیسڕائیلیشی گرتەوە لە ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژیدا.

هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت شارەزایانی بواری تەقەمەنی چوونەتە ناو کەشتییەکەوە تاوەکو هەڵسەنگاندنێک بۆ زیانەکان بکەن، هەروەها بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی بۆمبەکە. ئەو بەڵگانەی کە کۆکراونەتەوە لە تاقیگەیەکدا لە بارەگای کەشتیگەلی پێنجی ئەمەریکا لە بەحرەین شیکارییان بۆ کراوە.

لێکۆڵەرەوانی هێزی دەریایی ئەمەریکا وتیان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بەکارهێندراوە فڕۆکەی شاهید – 136 ی ئێرانی بووە، هەمان ئەو فڕۆکەیەی کە ئێران داوییەتی بە ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت. لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەلایەن حوسییەکانی یەمەنیشەوە بەکارهێندراون بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە و ئیماڕات.

فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا براد کووپەر وتی " هێرشەکەی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی تانکەری بازرگانی لە ئاوی نێودەوڵەتیدا بە مەبەست و ئاشکرا و مەترسیدار بووە، ژیانی کارمەندانی کەشتیەکەی خستۆتە مەترسییەوە و ئاسایشی دەریایی لە دەریای ناوەڕاستدا خستۆتە مەترسییەوە."

لەلای خۆیەوە ئێران ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەدا، نێردەکەشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەواڵانەی بە " هەواڵی ساختە " ناوبرد. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران لێدوانییان لەسەر لێکۆڵینەوەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا نەداوە.

ساڵی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گومانلێکراوی ئێرانی لە دەرەوەی کەناری عومان هێرشی کردە سەر کەشتی تانکەری مێرسەر ستریت کە بە هەمان شێوە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەبووە و بەهۆیەوە دوو کەسی سەر کەشتییەکەی کوژران.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا