هەواڵی کوردستان ئێستا

ئیسڕائیل یەکەم هەنگاو بەرەو بازرگانی ئازاد لەگەڵ ژاپۆن ڕادەگەیەنێت

ئیسڕائیل یەکەم هەنگاو بەرەو بازرگانی ئازاد لەگەڵ ژاپۆن ڕادەگەیەنێت
ئیسڕائیل یەکەم هەنگاو بەرەو بازرگانی ئازاد لەگەڵ ژاپۆن ڕادەگەیەنێت

2022-11-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزارەی دەرەوەی ئیسڕائیل دەڵێت ئیسڕائیل ڕازیبووە بۆ کردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ژاپۆندا کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئازاد کە دەکرێت بازرگانییە دوو لایەنەکەی نێوانیان بۆ زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار پەرە پێبدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل لە بەیاننامەکەیدا وتی یەکەم هەنگاو کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و ئابووری دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری ژاپۆندا.

وەزارەتەکە وتی لە ساڵی 2021 دا بەهای هەناردەکردنی کەلوپەلەکان لە ئیسڕائیلەوە بۆ ژاپۆن 1.241 ملیار دۆلار بووە، کە ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2020 دا لە سەدا 8 زیادیکردبوو. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە ساڵی ڕابردووەوە هاوردەکردن لە ژاپۆنەوە بۆ ئیسڕائیل لە سەدا 10 زیادیکردووە، لە ساڵی 2021 دا هاوردەکردن لە ژاپۆنەوە بۆ ئیسڕائیل بەهاکەی گەیشتۆتە 2.333 ملیار دۆلار.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپید ستایشی ئەو هەنگاوەی کرد و وەکو " دەستکەوتێکی دیبلۆماتی " ناویبرد.

باڵیۆزی ئیسڕائیل بۆ ژاپۆن گیلاد کۆهین لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمە پڕۆسەیەکی مانادارە کە دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گومرگەکان و فرۆشتنی ئوتومبێلی ژاپۆنی بە نرخێکی کەمتر کە لە ژاپۆنەوە هاوردەکراون و فراوانبوونی ئەو کەلوپەلانەی کە لە ئیسڕائیلەوە هەناردەی ژاپۆن دەکرێن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز