پارتی ئازادیی کوردستان: ئێران هەوڵی کوشتنی حسێن یەزدانپەنای دابوو، خوا کردی سەرکەوتوو نەبوو
خەلیل نادری، وتەبێژی پاک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکەم بۆمب درا لە نزیک بارەگاکەی [یەزدانپەنا] دواتر بەشێوازێکی پێشمەرگانە توانی خۆی ڕزگار بکات و ئێستاش سەلامەتە. "
نادری ئەوەشی وت، "دیارە ئێرانییەکانیش دەزانن کە خودی حسێن یەزدانپەنا لەگەڵ پێشمەرگەکانی لە ناو پێشمەرگەکاندا دەمێنێتەوە. ئەوە جگە لەوەی لە ڕێگەی درۆنی کەشفەوە بەردەوام چاودێری بنکە و بارەگاکانمان دەکەن بۆیە وا پێدەچێت لە ڕێگای وێنە و گرتەی ئەو درۆنانەوە پێگەی بەڕێزیەزدانپەنا زانرابێت و دەستنیشانییان کردبێت. "
وتەبێژەکەی پاک ڕایگەیاند لە هێرشەکەی دوێنێی کە تیایدا ئێران درۆنێکی شاهید و سێ موشەکی جۆری فاتیحی بەکارهێناوە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ پێشمەرگەی حزبەکە.
دەربارەی شێوازی ڕزگاربوونی حسێن یەزدانپەنا لە هێرشەکە، خەلیل نادری گوتی، " کاتێک کە هاژەکی یەکەمییان دا لە نزیک پێگەکەی کاک حسێن یەزدانپەنا، بەوهۆیەوە هۆشیاربووەوە خوا وایکرد کە بەڕێزییان نەپێکران. دوای ئەوە بەشێوازی پێشمەرگانە توانی خۆی لە خاڵی هێرشەکان دوور بخاتەوە. "
پێشتر ماڵپەری ئاکام نوز نزیک لە ئیتڵاعاتی ئێران ڕۆژی یەکشەممە(20/11) بڵاویکردەوە " ڕۆژەکانی کۆتایی حسێن یەزدانپەنایە، ئێمە لە دەمارەکانی گەردنی نزیکترین لێی و بەمزووانە دەکوژرێت. "
لای خۆشیەوە وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان ئاگاداری ئەو هەڕەشە بوون و وتی" ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە پارتی ئازادیی کوردستان و بەڕێز کاک حسێن یەزدانپەنا کردبوو...خوا کردی سەرکەوتوو نەبوون."
ئەمە لە کاتێکدایە پێگەی هەواڵەکانی سوپای قودس لە هەواڵێکی دوێنێ ئێوارەیدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر پردێ حسێن یەزدانپەنا برینداربووە و "لەبەر سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. "
بەڵام وتەبێژەکەی پاک ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند" ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە؛ بەڕێز کاک حسێن یەزدانپەنا ئێستا ساغ و سەلامەتە و نەپێکراوە. "
جێی باسە لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەڕەشەکانی چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگای حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا تۆمەتباریان دەکات بە هاندانی خۆپیشانە ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران.