پارتی ئازادیی کوردستان: ئێران هەوڵی کوشتنی حسێن یەزدانپەنای دابوو
دیجیتال میدیای سپێدە
پارتی ئازادیی کوردستان رایدیگەیەنێت، "كە ئێران لە هێرشەكانیدا لە ڕۆژی سێشهممه 22ی تشرینی دووهمی 2022 لە پردێ بۆ سەر بارەگاكانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ئامانجی سەرەكی کوشتنی سەرۆكی پارتەكە بووە، خوا کردی سەرکەوتوو نەبوو."
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی باڵای حزبەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا،"کوشتنی سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان حسێن یەزدانپەنا ئامانجی سەرەکی ئێران بوو لە هێرشەکەی دوێنێ سێشەممەیدا بۆ سەر مۆڵگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە شارۆچکەی پردێ کە دەکەوێتە باکوری کەرکوکەوە.
وتەبێژەکەی پاک ڕایگەیاند،" لە هێرشەکەی دوێنێی کە تیایدا ئێران درۆنێکی شاهید و سێ موشەکی جۆری فاتیحی بەکارهێناوە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ پێشمەرگەی حزبەکە."
جێی باسە لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەڕەشەکانی چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگای حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا تۆمەتباریان دەکات بە هاندانی خۆپیشانە ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران.