هەواڵی کوردستان ئێستا

"حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە بەدخۆراکی لە ئەفغانستان 90% بەرزبووەتەوە"

"حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە بەدخۆراکی لە ئەفغانستان 90% بەرزبووەتەوە"
"حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە بەدخۆراکی لە ئەفغانستان 90% بەرزبووەتەوە"

2022-11-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رایگەیاندووە کە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و زیادبوونی قەیرانی ئابووریی لە ئەفغانستان، حاڵەتەکانی تووشبوون بە بەدخۆراکی لەنێو منداڵاندا لەو وڵاتە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە.

کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە راپورتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی ئەو حاڵەتانەی کە لە نەخۆشخانەکانی ئەفغانستان تۆمارکراوە، حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە بەدخۆراکی لە ئەفغانستان لە ساڵی رابردووە تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە ٣٣ هەزار حاڵەتەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٣ هەزار حاڵەت.

راشیگەیاندووە کە لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە بەدخۆراکی لە ئەفغانستان بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ بەرزبووەتەوە .

لەمبارەیەوە رێکخەری کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە نەخۆشخانەی ئاندیرا گاندی لە کابول پایتەختی ئەفغانستان، عەبدولقەیوم عەزیمی رایگەیاندووە کە رێژەی هەژاری لە ئەفغانستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرزبووەتەوە و گوتوویەتی: "زۆربەی خەڵکی ناتوانن هۆکارەکانی گەرمکەرەوە و پێداویستییەکانی بکڕن، هەروەها ناتوانن خۆراکی پێویست بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن کە ئەوەیش وای کردووە رێژەی تووشبوون بە هەوکردنی سییەکان و بەدخۆراکی بەرزببێتەوە".

لە راپۆرتەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە وێڕای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا رەوشی مرۆیی لەو وڵاتە جێگای مەترسییە، چونکە هێشتا نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان (٢٤ ملیۆن کەس) پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، هەروەها ٢٠ ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.