هەواڵی کوردستان ئێستا

دوو گومانلێکراو دەستگیرکران کە 19 ملیۆن دۆلاریان بەنایاسایی لە بانکێکی عێراق وەرگرتووە

دوو گومانلێکراو دەستگیرکران کە 19 ملیۆن دۆلاریان بەنایاسایی لە بانکێکی عێراق وەرگرتووە
دوو گومانلێکراو دەستگیرکران کە 19 ملیۆن دۆلاریان بەنایاسایی لە بانکێکی عێراق وەرگرتووە

2022-11-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سکاڵای خاوەن بانکێکی عێراقی لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری بانکی، دوو گومانلێکراوی بە رەگەز ئوردنی، لە شاری مێرسین دەستگیر کران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی مێرسین، هاووڵاتییەکی بیانی، خۆی وەک "کارمەندی بۆرسە" بە بەڕێوبەری بانکێک لە عێراق ناساندووە و ئەوەی پێڕاگەیاندووە کە ئەگەر ٥٠٠ هەزار دۆلار بنێرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەی ئەوا پارەکەی بۆ دوو هێندە زیاد دەکات و یەک ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە.

لە کاتێکدا خاوەنی بانکەکە لە بەریتانی بووە، بەڕێوبەرەکە دەستی بە ناردنی پارە کردووە و لە ماوەیەکی کەمدا ١٩ ملیۆن دۆلاری ناردووەتە سەر هەژماری گومانلێکراوەکە.

کاتێک خاوەنی بانکەکە گەڕاوەتەوە عێراق بە بابەتەکەی زانیوە و لەسەر سکاڵای خاوەن بانکەکە بەڕێوبەری بانکەکە دەستگیر کراوە.

لە میانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەوە ئاشکرا بوو کە پارەکە لەڕێی نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری بەغداوە بە سیستمی "حەواڵە" نێردراوەتە سەر هەژماری هاووڵاتییەکی ئوردنی دانیشتووی شاری مێرسینی تورکیا بەناوی سوهەیر ئەلبەدری.

خاوەنی بانکەکە بەردەوام بووە لە پەیوەندی لەگەڵ گومانلێکراوەکان و دواتر هاتووەتە شاری مێرسین و لە دادگا سکاڵای تۆمار کردووە.

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیشدا تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و تاوانی رێکخراوەیی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری مێرسین، گومانلێکراوان سوهەیر ئەلبەدری و خالید ئەلنادییان دەستگیر کرد کە هەردووکیان بە رەگەز ئوردنین.

دوای پشکنینی ناونیشانی گومانلێکراوەکان، دەستگیرا بەسەر یەک کیلۆگرام زێڕ، بڕێکی زۆر خشڵ، ٢٠ هەزار و ٧٠٠ دۆلار و ٨١ هەزار و ١٠٠ لیرەدا، ئەوەش ئاشکرا بوو کە لە هەژماری دراوی ئەلیکترۆنی ئەو دوو گومانلێکراوەکدا بڕی ١٣١ هەزار دۆلار هەیە.

ئەو دوو کەسە لە ئیفادەکانیداندا دانیان بەوەداناوە. کە لە رێی هەژماری دراوی ئەلیکترۆنییەوە ئەو پارەیەی بە "حەواڵە" بۆیان هاتووە، ناردوویانەتە سەر هەژماری گومانلێکراوێکی دیکە و پارەی ناردنی پارەکەیان لێوەرگرتووە.

تا ئێستاش ناسنامەی ئەو گومانلێکراوە ئاشکرا نەکراوە کە پارەکەی بۆ نێردراوە و لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن