هەواڵی کوردستان ئێستا

ئازەربایجان گفتوگۆکان لەگەڵ ئەرمینیا هەڵدەوەشێنێتەوە و دەڵێت ماکرۆن نابێت بەشدار بێت

ئازەربایجان گفتوگۆکان لەگەڵ ئەرمینیا هەڵدەوەشێنێتەوە و دەڵێت ماکرۆن نابێت بەشدار بێت
ئازەربایجان گفتوگۆکان لەگەڵ ئەرمینیا هەڵدەوەشێنێتەوە و دەڵێت ماکرۆن نابێت بەشدار بێت

2022-11-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤ دەڵێت ئازەربایجان نایەوێت فەڕەنسا بەشدار بێت لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئەرمینیادا، هەروەها کۆبوونەوە چوار لایەنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرن و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێلدا هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو لە 7 ی مانگی دوانزەدا لە بڕۆکسل بەڕێوەبچێت.

ئالیێڤ گوتی ماکرۆن " سوکایەتی و هێرشی " کردۆتە سەر باکۆ و نابێت وەکو نێوەندگر ڕۆڵ ببینێت.

لە مانگی نۆدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ سەریانهەڵدایەوە، هەرێمەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەکو بەشێک لە ئازەربایجان ناسێندراوە، بەڵام زۆربەی هەرێمەکە لەلایەن نەژادە ئەرمینییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەرمینیاش پشتیوانییان لێدەکات.

هەردوولا یەکترییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەڵگیرساندنی شەڕەکە، ئەرمینیا وتی لەو شەڕەدا ئازەربایجان دەستی بەسەر کۆمەڵێک ناوچەی ناو خاکی ئەرمینیادا گرتووە.

لە کۆتایی مانگی نۆدا ڕێککەوتنێکی ئاگربەست واژۆ کرا و مانگی ڕابردووش دوو وڵاتەکە لە پراگ ڕێککەوتن لەسەر ڕێگەدان بە دامەزراندنی ئەرکێکی یەکێتی ئەوروپا لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکەیان.

بەڵام ئالیێڤ سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بە ژێربڕینی قۆناغی دواتر، ئەوەش لە ڕێی سووربوونیەوە لەسەر بەشداریکردنی فەڕەنسا وەکو نێوەندگر لە گفتوگۆکاندا.

ئالیێڤ گوتی " ماکرۆن هێرشی کردە سەر ئازەربایجان و تۆمەتباریکردین بە شتێک کە ئەنجاممان نەداوە."

گوتیشی ماکرۆن " هەڵوێستێکی دژە ئازەربایجانی " وەرگرتووە و " سوکایەتی " بە باکۆ کردووە.

گوتی " ئاشکرایە کە لە ژێر ئەم بارودۆخەدا و بەو هەڵسوکەوتە، فەڕەنسا ناتوانێت بەشدار بێت لە پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا."

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا گوتی دەیەوێت گفتوگۆکان هاوشێوەی " گفتوگۆکانی پراگ " بن، کە ماکرۆن و میشێلیش بەشدارییان تیادا کردبوو.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا بڵاویکردەوە وتەبێژێکی ئەرمینیا دەڵێت لێدوانەکانی ئازەربایجان لەسەر ئەوەی کە یەریڤان هەوڵی تێکدانی گفتوگۆکانی ئاشتی دابێت " هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نیە."

ماکرۆن ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی خستنەوەی گرژیی لە نێوان یەریڤان و باکۆدا، هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەرمینیا جەختی لە پشتیوانی خۆی کردۆتەوە بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەرمینیا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی مۆسکۆ کە 5000 سەربازی ئاشتی پارێزی لە ساڵی 2020 دا لە ناوچەکەدا جێگیرکردووە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ئاگربەستەکەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دوای شەش مانگ لە شەڕی نێوانیان، ئامادەیە یارمەتیدەر بێت لە ڕێککەوتنی زیاتر، بەڵام هیچ پلانێک لە ئارادا نیە دوو ڕابەرەکە لە مۆسکۆ کۆببنەوە.

ڕووسیا بە فەڕمی هاوپەیمانی ئەرمینیایە، بەڵام هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئازەربایجاندا بهێڵێتەوە، هەروەها بەرهەڵستی داواکانی کردووە بۆ ڕەوانەکردنی هێز و یارمەتیدانی ئەرمینیا بەپێی ڕێککەوتنێکی بەرگری کە لە مانگی نۆدا واژۆ کرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز