ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: حكومەت نەیتوانیوە مافی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان دابین بكات
دیجیتال میدیای سپێده
لەمیانەی پێشوازیكردنی لە شاندێكی ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە 27-11-2022 لەبارەگای تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و ئەنجومەنی ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی یەكگرتوو، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند: جێگەی داخ و نیگەرانییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەیتوانیوە ماف و ئیمتیاز بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابین بكات كە دەبوو ژیانێكی جیاواز لە هاوڵاتی ئاسایی بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دابین بكرایە، چونكە خاوەن پێداویستی تایبەت حاڵەتێكی تایبەتیان هەیەو پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندی ژیانیان بكرێت لە هەموو بوارەكاندا.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، شاندی ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان ئاماژەیان بە كێشەو گرفتەكانیانداو ڕونیشیان كردەوە: بەداخەوە لەگەڵ پێكهێنانی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا زۆرێك لە كێشەكانمان چارەسەر نەكراوەو حكومەت بێباكە لەئاست چارەسەری كێشەو گرفتەكانمان.