هەواڵی کوردستان ئێستا

بێڵتا: وەزیری دەرەوەی بێلاڕووس لە ناکاو گیانی لە دەستدا

بێڵتا: وەزیری دەرەوەی بێلاڕووس لە ناکاو گیانی لە دەستدا
بێڵتا: وەزیری دەرەوەی بێلاڕووس لە ناکاو گیانی لە دەستدا

2022-11-27 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دەزگای هەواڵی بێڵتای بێلاڕووس بڵاویکردوە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە ناکاو گیانی لە دەستداوە، دوو ڕۆژ پێش ئەوەی کە بڕیار بوو لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەیدا کۆببێتەوە.

بێڵتا بەبێ خستنەڕووی هیچ وردەکارییەک گوتی " وەزیری دەرەوە ڤلادیمیر ماکی لە ناکاو کۆچی دوایی کرد."

ماکی تەمەن 64 ساڵ لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا بەشداری لە کۆنفرانسێکی ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بە کۆمەڵی کرد لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا کە هاوپەیمانێتییەکی سەربازییە و بڕیاریش بوو ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی سێرگێی لاڤرۆڤدا کۆببێتەوە.

پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕووس و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی وڵاتەکە لە ساڵی 2020 دا، ماکی یەکێک بوو دەستپێشخەرانی هەوڵەکان بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی بێلاڕووس لەگەڵ ڕۆژئاوادا و ڕەخنەی لە ڕووسیا گرتووە.

بەڵام دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان هەڵوێستی گۆڕا، گوتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن بریکارەکانی ڕۆژئاواوە هاندراون.

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ماکی کە پشتیوانی لە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان مینسک و مۆسکۆی دەکرد، وتی ڕۆژئاوا جەنگەکەی وروژاندووە و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیاش دەبێت بە مەرجەکانی ئاشتی ڕووسیا ڕازی ببن.

چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، ماکی بەڵێنیدا هیچ هێرشێک لەسەر خاکی بێلاڕووسەوە بۆ سەر ئۆکرانیا ڕوونادات، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هێزەکانی ڕووسیا سەلماندییان کە ماکی هەڵە بووە و خاکی بێلاڕووسیایان بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکارهێنا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا گوتی " توشی سەرسوڕمان بووین بە هەواڵی مردنی بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری بێلاڕووس ڤلادیمیر ماکی. پرسە و سەرەخۆشی فەڕمی بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە."

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕووس سڤیاتلانا تسیخانۆوسکایا کە ئێستا لە دەرەوەی بێلاڕووس دەژی ماکی بە ناپاک ناوبرد.

گوتی " لە ساڵی 2020 دا ماکی ناپاکی لەگەڵ گەلی بێلاڕووسدا کرد و پشتیوانی لە چەوساندنەوە کرد. گەلی بێلاڕووس بەمشێوەیە یادی دەکەنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز