عێراق و ئێران: پەیوەندی و هاریکارییە هاوبەشەکانی نێوانمان پتەوتر دەکەین
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی رایانگەیاند کە پەیوەندی و هاریکارییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر دەکەن.
محەمەد شیاع سوودانی لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
سەرەتا ئیبراهیم رەئیسی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەربڕی و گوتی: "سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران، خاڵێکی وەرچەرخانە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا".
گوتیشی: "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران، پەیوەندییەکی مێژووییە و لەسەر بنەمای بڕوا و متمانە دامەزراوە، هەروەها ئێران و عێراق پەیوەندی هاوبەشیان لەنێواندا هەیە".
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی هەروەها باسی لەوەش کرد کە سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئێران، یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات و گوتی: "هاریکارییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا، پتەوتر دەکەین".
سەرکۆماری ئێران بەشێکی قسەکانی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تەرخان کرد و رایگەیاند کە پێگەی عێراق بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە، پێگەیەکی گرنگە و گوتی: " هاوکاری عێراق دەکەین بۆ لەناوبردنی مەترسییەکانی تیرۆر".
ئیبراهیم رەئیسی گوتیشی: "بوونی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکە، مەترسی بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە زیاتر دەکات".
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی باسی لە ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران کرد و گوتی: "هاتووین بۆ تاران بۆ ئەوەی پتەوترکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەسەرجەم بوارەکاندا و رەوشی ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ بکەین".
محەمەد شیاع سوودانی گوتیشی: "عێراق هیچ کاتێک، پاڵپشتییەکانی ئێران لەبیر ناکات کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە، هەروەها لەشەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پێشکەشی کردووە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەیش کرد کە گرنگی زۆر بە دۆسیەی ئابووری دەدەن و گوتی: "رۆڵی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە بواری نەوت و گازدا، بەرز دەنرخێنیین".
محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیش دا کە لەگەڵ سەرکۆماری ئێران لەباری کاراکردنی لیژنەی ئابووریی هاوبەش رێککەوتن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوام دەبن لە هاریکارییەکانیان لەگەڵ ئێران لە بواری لەناوبردنی تیرۆر و گوتی: "لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی باسمان لە هاریکارییە هاوبەشەکان کردووە لە بواری ئاسایشدا".
راشیگەیاند کە پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی دەستوور و رێگرتن لەوەی خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکاربهێنرێت و گوتی: "رێگا نادەین، خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لەسەر ئاسایشی ئێران بەکاربهێنرێت".
گوتیشی: "لە پەیوەندیی دەرەرەودا، پشتمان بەستووە بە بنەمای رێزگرتن و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆدا".
محەمەد شیاع سوودانی تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات، زیاتر پەرە بە هاریکارییەکانی بدات لەگەڵ ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە تاران پایتەختی ئێران