سەرکۆماری عێراق: ژمارەی ئاوارەکان 600 هەزار کەسی تێپەڕاندووە
سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ، عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن رایگەیاند کە ئاوارەکان بەرەوڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە و بە هەلومەرجێکی ئاڵۆز و پڕ نەهامەتییدا تێپەڕدەبن، بەتایبەتی کە کۆی ژمارەی ئاوارەکان، ٦٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا و پتەوترکردنی هاریکارییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە و لەوبارەیەوە سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ جەختی کردووەتەوە لە گرنگی هاریکارییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و لەندەن لە رووبەڕووبوونەوەی توندئاژۆیی و تیرۆر، هەروەها رۆڵی بەریتانیای لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی بەرز نرخاندووە، جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
باسی لەوەشکردووە کە سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ، عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاندووە کە ئاوارەکان بەرەوڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە و بە هەلومەرجێکی ئاڵۆز و پڕ نەهامەتییدا تێپەڕدەبن، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە تا ئێستا لە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و فەرماندە ئەمنییەکان نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە هەمبەر کێشەکانی بەردەم ئاوارەکان، بەتایبەتی کە ئێستا کۆی ژمارەی ئاوارەکان، ٦٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی هەوڵدەدات زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا بدات و جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لەهەموو هەنگاوێک دەکەن کە ببێتە مایەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئاوارەکان، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن لە هەلومەرجێکی گونجاودا، بگەڕینەوە زێدی خۆیان.