English | عربي

دهۆك 28 بەربژێری 7 لیستی گەیاندنە پەرلەمان


دهۆك 28 بەربژێری 7 لیستی گەیاندنە پەرلەمان

2018/10/08 | 21:30

(هەواڵ كوردستان)- رووداو- دهۆكبەپێی ئەو ئەنجامە بەراییە نافەرمییانەی  تا ئێستا بڵاوكراونەتەوە، 28 بەربژێری حەوت لیست لە دهۆك بوونەتە پەرلەمانتار كە زۆربەیان پارتین، یەكێتیش بۆ یەكەمجار دوای گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە داخراوەوە بۆ نیمچە كراوە، توانی بەربژێر لە بادینانەوە بگەیەنێتە پەرلەمان.بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، پارتی 21 بەربژێر، یەكگرتوو یەك بەربژێر، یەكێتی یەك بەربژێر، نەوەی نوێ‌ یەك بەربژێر.

هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی (شلاما) دوو بەربژێر، رافیدەین یەك بەربژێر، كۆتای ئەرمەن یەك بەربژێریان لە دهۆك دەرچوون كە سەرجەمیان دەكاتە 28 پەرلەمانتار. خالد ئەحمەد، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك بە (رووداو)ی گوت: "بەپێی ئەو ئەنجامانەی هەتا ئێستا پێمانگەیشتوون، 21 بەربژێرمان دەرچوون، دوو بەربژێری دیكەش لە ركابەریدان، هێشتا دیار نییە كامیان سەردەكەون".لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا 23 بەربژێری پارتی لە سنووری پارێزگای دهۆك گەیشتنە پەرلەمان.

سەرەڕای زیادبوونی دەنگەكانی، بەڵام ئەمجارە پارتی بەربژێری كەمتری گەیشتنە پەرلەمان.

خالید ئەحمەد دەڵێت: "بۆ ئێمە گرنگە چەند بەربژێری پارتی سەردەكەون، نەك بەربژێری چ شارێكن".بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی 700 هەزار و 696 دەنگی هێناوە.

نزیكەی 40 هەزار دەنگدەری دهۆك دەنگیان بە بەربژێرەكانی هەولێر و سلێمانی داوە.

ئەمەش بووە جێی گلەیی بەربژێرە دەرنەچووەكانی پارتی لە دهۆك.خالد ئەحمەد دەڵێت: "ئەوەی ئەمجارە لە دهۆك روویدا شتێكی نوێ بوو كە بەشێك لە بەربژێرەكانی پارتی لە هەولێر و سلێمانی، دەنگی زۆریان لە دهۆك هێنا، ئەمە نیشانەی هۆشیاریی كادرانی پارتییە كە بەرپرسیارانە دەنگ دەدەن".دوای ئەوەی سیستمی هەڵبژاردن لە داخراوەوە كرایە نیمچە كراوە، یەكەمجارە بەربژێری یەكێتی لە بادینان دەگاتە پەرلەمان.

ئیسماعیل گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی مەڵبەندی چواری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە دهۆك بە (رووداو)ی گوت: "ئەمجارە حەوت بەربژێرمان لە دهۆك هەبوو، هەتا ئێستا بەربژێرێكی ژن بەناوی شنۆ ئەشقی سورچی سەركەوتووە، دوو بەربژێری دیكەش لە ركابەریدان، بەڵام هێشتا یەكلا نەبوونەتەوە".بەرپرسەكەی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لە دهۆك، دەڵێت قوباد تاڵەبانی كاریگەری هەبووە لەسەر دابەشبوونی دەنگ بەسەر بەربژێرەكانی یەكێتی.

ئیسماعیل گۆران گوتی "كاك قوباد لە دهۆك 8844 دەنگی هێناوە، لە سەرجەم كوردستانیش نزیكەی 200 هەزار دەنگ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی قاسمی سەركەوتنی بەربژێر لەناو لیستی یەكێتی كەمبێت، هەر بەربژێرێكی یەكێتی 3600 دەنگی بەسەرەوە هێنابێ‌ دەردەچێ‌، هەر ئەمەش وایكرد كە ئەمجارە بەربژێری یەكێتی لە دهۆك  بە لیستی نیمچەكراوە بگاتە پەرلەمان".لە سنووری پارێزگای دهۆك 771 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە نزیكەی 455 هەزار كەس دەنگیان داوە كە پارتی 78%، یەكێتی 6.62%، بەرەو ئیسڵاح 7.88%، نەوەی نوێ‌ 3.84%، بزووتنەوەی گۆڕان 1.56%ی دەنگەكانیان هێناوە.خەتای لۆگۆ بوویەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكان لە دوای پارتی دێت لە بادینان، ئەم هەڵبژاردنە دەنگەكانی بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیون.

لە خولی چوارەمدا چوار بەربژێری لە دهۆك گەیشتنە پەرلەمان، بەڵام ئەمجارەیان تا ئێستا تەنیا یەك بەربژێری بە مسۆگەری دەرچووە و رەنگە بەربژێرێكی ئافرەتیشی بەهۆی كۆتاوە دەربچێ‌.یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی رابردوو تەنیا لە دهۆك 84 هەزار دەنگی هێنابوو، بەڵام ئەمجارەیان تەنیا 32 هەزار دەنگی هێناوە.ئیسماعیل سگێری كە یەكێكە لە بەربژێرە سەركەوتووەكانی یەكگرتوو لە دهۆك، دەڵێت: "هۆكار زۆرن بۆ كەمبوونەوەی دەنگەكانمان، یەكەمیان پەیوەندی بە لۆگۆی لیستەكەمان هەبوو، هەروەها كەمی رێژەی بەشداریی خەڵك لە هەڵبژاردن هۆكارێكی دیكە بوو".بەپێی زانیاریی (رووداو)، سپیان ئامێدی لە لیستی نەوەی نوێ‌، رۆبینە ئۆیملك و ساندی ڤیكتۆر، لە لیستی هاوپەیمانی شلاما، تۆنی یەعقوب لە لیستی رافیدەین، حوزنی عەزیز لە لیستی ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، یەروانت نیسان لە كۆتای ئەرمەن، لە كاندیدە دەرچووەكانی دهۆكن.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending