هەواڵی کوردستان ئێستا

هاوکاتی پەرەسەرندی ناڕەزایەتییەکان، ئیبراهیمی ڕەئیسی سەردانی سنە دەکات

هاوکاتی پەرەسەرندی ناڕەزایەتییەکان، ئیبراهیمی ڕەئیسی سەردانی سنە دەکات
هاوکاتی پەرەسەرندی ناڕەزایەتییەکان، ئیبراهیمی ڕەئیسی سەردانی سنە دەکات

2022-12-01 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆککۆماری ئێران سەردانێکی بۆ کوردستانی ئێران کرد، کە چەقی ناڕەزایەتییەکانە کە لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە.

لە سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران داوای لە خەڵکی کرد بەرەنگاری ئەو "دوژمنە" ببنەوە کە حکومەتەکەی بە وروژاندنی نائارامییەکان تۆمەتباری دەکات.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکرد، لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستبەسەرکرابوو، کوژرا.

سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ سنە، نێوەندی ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی ئێران، بەمەبەستی دەستپێکردنی پرۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە بوو.

لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕەئیسی گوتی " خەڵکی ڕووبەڕووی کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، بەڵام دەزانن چۆن بە دڵسۆزانە ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە."

سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ سنە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئالۆزییەکانی ئەو ناوچەیە زۆر زیاد بووە پاش دوومانگی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی.

 

 

لەوەتەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران سەریان هەڵداوە، کاربەدەستانی ئێران لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بنکەکانیان لە باکووری عێراقە تۆمەتبار کردووە بە هاندانی توندوتیژییەکان و کۆماری ئیسلامی چەندین جار هێرشی کوشندەی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە ناو خاکی عێراق.

ئەم خۆپیشاندانانە گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییە لە ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بنکە لە نۆروێر، لە دواین ڕاپۆرتیدا کە لە 22 ی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، لەسەر ئامارەکانی ئەو کەسانەی بەهۆی توندوتیژییەکانی هێزەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون دەڵێت 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

بە پێی دەسەڵاتی دادوەری هەزاران کەسی ئێرانی و نزیکەی 40 بیانیش لەو خۆپیشاندانانەدا دەستگیرکراون.