داواکاری گشتیی ئێران هەڵپەساردنی کاری "پۆلیسی ئاکاری" راگەیاند
دیجیتال میدیای سپێده
داواکاری گشتیی ئێران، محەمەد جەعفەر مونتەزری هەڵپەساردنی کاری "پۆلیسی ئاکار" لەلایەن ئەو شوێنەی کە دایمەزراندوە راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا کە دەزگاکە هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە.
محەمەد جەعفەر مونتەزری لە لێداونێکیدا کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، هەڵپەساردنی کاری "پۆلیسی ئاکار" لەلایەن ئەو شوێنەی کە دایمەزراندوە راگەیاندووە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لە میانی چەند مانگی رابردوودا، "پۆلیسی ئاکار" لە شەقامەکانی تاران و شارە گەورەکانی ئێران بوونیان نەماوە کە ئەمەیش مەشتومڕەکانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەزگاکە زیاتر کردبوو.
داواکاری گشتیی ئێران، محەمەد جەعفەر مونتەزری ئاماژەی بەوەشداوە کە "پۆلیسی ئاکار" هیچ پەیوەندییەکی بەدەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە و باسی لەوەش کردووە کە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بەردەوام دەبێت لە چاودێرییکردنی هەڵسوکەوت و رفتارەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگادا.
لێدوانەکەی ئەو بەرپرسەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا هات سەبارەت بە هۆکاری هەڵپەساردنی کاری "پۆلیسی ئاکار" دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی بە بیانووی "پابەند نەبوون بە پاڵاپۆشی" کە بووبووە مانشێتی رۆژنامەکان.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوول دوای ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیرشادی تارانه‌وه بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی ته‌ندروستیی تێکچوو، و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ١٦ی ئەیلوول ئه‌مینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. مه‌رگی مەهسا ئەمینی بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایهتی له زۆربەی شارەکانی ئێران دژبە ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە له راپۆرتی رۆژی ٢٢ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢دا، بڵاوی كرده‌وه کە ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاکامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی دوای مه‌رگی مه‌هسا ئه‌مینی له‌لایه‌ن هێزە ئەمنییەکانه‌وه گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٤١٦ کەس.
كاربه‌ده‌ستانی ئێرانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه نا به‌ڵكو له‌لایه‌ن "ئاژاوه‌گێڕان"ه‌وه كوژراون و "ئه‌و كه‌سانه‌شی كه له رووداوگهلێكی دوور له خۆپیشاندانه‌كان گیانیان له‌ده‌ستداوه له میدیای نێوده‌وڵه‌تییدا وه‌ك ئه‌وه‌ی له خۆپیشاندانه‌كاندا مردبن، نیشان ده‌درێن".
هاوكات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوه کە لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا، نزیکەی ٦٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.