هەواڵی کوردستان ئێستا

زێلێنسکی: '٧٠ مووشەکی رووسیمان ئاراستەکراوە و زۆرینەیشی خراوەتەخوارەوە'

زێلێنسکی: '٧٠ مووشەکی رووسیمان ئاراستەکراوە و زۆرینەیشی خراوەتەخوارەوە'
زێلێنسکی: '٧٠ مووشەکی رووسیمان ئاراستەکراوە و زۆرینەیشی خراوەتەخوارەوە'

2022-12-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە سوپای رووسیا لە پێنجی کانوونی یەکەمدا، زیاتر لە ٧٠ مووشەکی ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئۆکراینا کردووە و زۆرینەیشی لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە خراوەتەخوارەوە.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ نەتەوەکەی کە کاتەکانی شەو لە هەژماری خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا دووبارە هێرشی مووشەکییان کردووەتەوە سەر وڵاتەکەی.

سەرۆکی ئوکراینا باسی لەوە کرد کە لە پێنجی کانوونی یەکەمدا، بە ٧٠ مووشەک هێرش کراوەتە سەر ئۆکراینا و گوتی: '٧٠ مووشەکی رووسی ئاراستە کراوە، زۆرینەیان خراونەتەخوارەوە. مووشەکەکان X-101 و جۆری دیکەن'.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوەیش کرد کە ئەو سیستمە ئاسمانییانەی لەلایەن وڵاتانی هاوبەشەوە بە وڵاتەکەی دراوە بەشێوەیەکی کاریگەر کار دەکەن، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستییان بە سیستمی زۆرتری هاوشێوە هەیە و رایگەیاند: 'بەداخەوە هێشتا ناتوانین کایەی ئاسمانییمان بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەین. چەند پێکانێک هەیە، بەداخەوە قوربانی هەیە. تا ئەم کاتە چوار کەس لە هێرشەکانی رووسیادا گیانیان لەدەستداوە'.

سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە، پچڕانی کارەبا لە زۆر شوێنی وڵاتەکەدا بەتایبەتی کیێڤ بەردەوامە و باری لەناکاوی پچڕانی کارەبا هەیە.