جێندەر چییە و لەگەڵ کوێی شەریعەت پێچەوانەیە
جێندەر چییە و
لەگەڵ کوێی شەریعەت تێک دەگیرێ؟
لێکەوتەکانی چین؟
٭جێندەر چیە؟
چەمکی (جێندەر) کە بە جۆری کومەڵایەتیی مانا کراوە، بریتیە لە دووبارە داڕشتنەوەی سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان و ئەرک و مافەکانی تاک لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بەجۆرێکی جیاواز لەوەی ئێستا هەیە.
ئامانجی جێندەریزم بە گوتەی خۆیان هێنانەدیی یەکسانیی تەواوە لەنێوان نێرو مێ لەهەموو ڕوویەکەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ڕەگەزیی.
جێندەریزم باوەڕی وایە مرۆڤ لەڕووی جەستەییەوە نێر بێت یان مێ، دەتوانێ ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژێرێ و بڕیار بدات چ ڕۆڵێک بگێڕێ لەژیاندا.
(پیاوبوون) و (ئافرەتبوون) لای ئەوان دوو ناسنامەی کۆمەڵایەتین کۆمەڵگاو دەوروبەر دروستی کردوون، نەک ویستێکی خوایی و قەدەرێکی هەمیشەیی بن، بۆیە مەرج نیه هەرچی بە ڕەگەز (مێ) بوو ڕۆڵی (ژن) و هەموو ئەوانەی (نێر)ن ڕۆڵی (پیاو) ببینن، بەڵکو دەکرێ بەپێچەوانەوە مێینە ڕۆڵی پیاو بگێڕێ، نێرینەش ڕۆڵی ژن؛ دەکرێ کوڕ شوو بکات و کچ ژن بێنێ، دەکرێ ژن ببێتە جەنگاوەرو پیاو دایکایەتی بکات.
بەکورتی هەموو ئەو ئەرک و مافانەی تا ئێستا دراوە به پیاو دەبێ بدرێ بەژنیش، هەموو ئەو ئەرک و مافانەی دراوە بەژن دەبێ بدرێ به پیاویش.
جێندەریزم باوەڕی وایە دەبێ هەڵبژاردنی جۆری کۆمەڵایەتی تاک بەدەست خۆی بێت، ئەگەر کەسەکه لەناخی خۆیدا هەستیکرد پیاوە ڕۆڵی پیاو ببینێ با بەجەستەش ژن بێ، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە هەستی کرد ژنە با ڕۆڵی ژن ببینێ هەرجەند بەجەستەش پیاو بێت!!
٭٭ جێندەریزم لەگەڵ کوێی شەریعەت تێک دەگیرێ؟
دەتوانین بڵێین جێندەریزم لەگەڵ کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئیسلامیدا ناکۆکە بەتایبەت ژیانی خێزانیی، ئەوانەی خوارەوە چەند خاڵێکی ناکۆکین:
یەکەم/ لە ئیسلامدا هەم ڕەگەزو هەم پێگەی ژن و پیاو لەناو خێزاندا شتێکی خواکردو نەگۆڕەو بەستراوەتەوە بەو پێکهاتە جەستەییەی لەسەری خوڵقاون، نەک بڕیاری کۆمەڵگا یان خودی کەسەکان، بەڵام بەبڕوای جێندەریەکان ڕۆڵی ژن و پیاو لە خێزاندا بەرهەمی داب و نەریت و کۆمەڵگایەو دەکرێ گۆڕانی بەسەردا بێت بێ گوێدانە ڕەگەز.
دووەم/ لە ئیسلامدا تەنها دوو ڕەگەزو دوو جۆری کۆمەڵایەتیی هەن کە بریتین لە نێرو مێ، نێرینە ڕۆڵی پیاو دەبینێ و کۆمەڵێک ئەرک و مافی تایبەتیی بۆ دانراوە، مێینەش ڕۆڵی ژن دەبینێ ئەویش کۆمەڵێک ئەرک و مافی تایبەت و جیاواز لە پیاوی بۆ دانراوه، هەندێک ئەرک و مافیش هەن هەردوولا تێیدا بەشدارو یەکسانن، بەڵام جێندەریزم ڕەچاوی جیاوازیە ڕەگەزیەکان ناکات و پێی وایە دەبێ نێرو مێ لەهەموو شتێکدا یەکسان بن.
سێیەم/ لە ئیسلامدا (قوامە) بۆ پیاوە، واتە لەناو خێزاندا پیاو (مێرد، باوک) سەرۆک خێزانەو بەرپرسە لە ژن و منداڵەکانی، ژن دەسەڵاتی دووەمەو، لەحاڵەتی نەبوونی پیاو (مێرد یان باوک) دەبێتە دەسەڵاتی یەکەمی ناو خێزان، بەڵام ئایدیای جێندەریی قەوامە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوەو ژن و پیاو بە هاودەسەڵات ناودەبات.
چوارەم/ لە ئیسلامدا هاوسەرگیریی (زواج) تەنها لە نێوان نێرو مێ، ژن و پیاودا ئەنجام دەدرێ، بەبێ بوونی ئەو دووانە خێزان دروست نابێ، بەڵام لە ئایدیای جێندەریدا دەکرێ ژن لەگەڵ ژن، پیاو لەگەڵ پیاو خێزان پێک بێنن، بگرە لەگەڵ ئاژەڵیشدا دەکرێ خێزان دروست بکەن.
پێنجەم/ لە ئیسلامدا هاوڕەگەزبازیی ڕەفتارێکی قێزەونە و جۆرێکە لە لادانی ڕەوشتی، سزای سەختی دنیایی و قیامەتیی بۆ دانراوە، بەڵام لە ڕوانگەی جێندەریەکان بە مافێکی سروشتیی دادەنرێ و بە یاسا ڕێی پێدەدرێ و سزای ئەوانەش دەدرێ کە دژی دەوەستن یان بە چاوی سووک تەماشایان دەکەن.
شەشەم/ لە ئیسلامدا پەیوەندی سێکسی و منداڵبوون لەدەرەوەی خێزانی شەرعی تاوانێکی گەورەیەو ڕێی پێنادرێ، بەڵام لە ئایدیای جێندەرییدا زۆر ئاساییە ژن و پیاو، کوڕو کچ لە دەرەوەی خێزاندا پەیوەندیان هەبێ و منداڵیشیان ببێ.
حەوتەم/ لە ئیسلامدا کچ بە ڕەزامەندی وەلی ئەمری (باوک و باپیر یان براو کەسی نزیک) شوو دەکات، بەڵام لەلای جێندەریەکان هیچ حسابێک بۆ کەسوکاری کچ و کوڕ ناکرێ لەپڕۆسەی زەواجدا.
هەشتەم/ لە ئیسلامدا دایکایەتی و شیرپێدانی منداڵ ئەرکی ئافرەتە، بەڵام لەلای جێندەریەکان دایکایەتی و منداڵ بەخێوکردن ئەرکێکی هاوبەشە دەبێ پیاویش بەشدار بێت تێیدا.
نۆیەم/ لە ئیسلامدا بەخێوکردن (نەفەقە)ی ژن و منداڵ لەسەر پیاوە، ژن لەسەری نیە ئیشی دەرەوە بکات، بەڵام لە ئایدیای جێندەریدا ژن بۆ ئەوەی بژی دەبێ ئیش بکات، جا هەر جۆرە ئیشێک بێت!!
دەیەم/ جێندەریزم مافی ئەوە دەداتە ژن و پیاو ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن لەڕێی نەشتەرگەری و هەر جۆرە ڕێگایەکی تر، بەڵام لە ئیسلامدا نەفرەت کراوە لەوەی خۆی بە ڕەگەزی بەرامبەر بچوێنێ چجای ئەوەی ڕەگەزی بگۆڕێ.
یازدەهەم/ جێندەریزم لەباربردنی منداڵ بە مافی ئافرەت دەزانێ وەک بەشێک لە نەخشەسازی خێزان و ئاسانکاریی بۆ پەیوەندی سێکسی لەدەرەوەی خێزان، بەڵام لە ئیسلامدا لەباربردن تاوانێکە هاوتای کوشتن، مەگەر مەترسی لەسەر ژیانی دایکەکە دروست بکات.
دوازدەهەم/ جگە لەمانە چەندین بابەتی تری وەک میرات و شایەدی و ...هتد خاڵی ناکۆکی و تێکگیرانی جێندەریزمن لەگەڵ شەریعەت...
(بۆ دڵنیابوون لەو زانیاریانەی سەرەوە سەبارەت بە جێندەر دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماددەکانی ڕێککەوتننامەی سیداو)
٭٭٭ هەندێک لە لێکەوتەکانی پیادەکردنی چەمکی جێندەر:
١- بەهۆی پەیوەندی ناشەرعیی، هاوسەرگیریی کەم دەبێتەوە.
٢- بەهۆی دوو جەمسەریی لەناو خێزاندا، جیابوونەوە زۆرتر دەبێت .
٣- مندالبوون و وەچەخستنەوە کەمتر دەبێتەوە.
٤- لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازیی زۆر دەبێت.
٥- منداڵی ناشەرعی زۆر دەبێت.
٦- دایکایەتی و شیرپێدانی سروشتی کەم دەبێتەوەو منداڵ لە دایەنگا گەورە دەبێ.