هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمریکا: بە سعوودیە ناڵێین لە نێوان ئەمریکا و چین یەکێکیان هەڵبژێرێ

ئەمریکا: بە سعوودیە ناڵێین لە نێوان ئەمریکا و چین یەکێکیان هەڵبژێرێ
ئەمریکا: بە سعوودیە ناڵێین لە نێوان ئەمریکا و چین یەکێکیان هەڵبژێرێ

2022-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤێدانت پاتێل دەربارەی رێککەوتننامەکەی سەرۆکی چین، شی جین پینگ بۆ هەماهەنگی سەربازیی، وزە و تەکنەلۆجیی لەگەڵ حکوومەتی ریاز، ئەوەی خستەڕوو کە واشنتۆن، داوا لە سعوودیە ناکات لە نێوان چین و ئەمریکا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

حکوومەتی واشنتۆن لە ماوەی رابردوودا ئەوەی ئاشکرا کرد کە چاو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە دەخشێنێتەوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەس، هەروەها لە نزیکەوە چاودێری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ریاز و چین دەکات.

لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی پاتێل، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانەکەی سەرۆکی چین، شی جین پینگ بۆ سعوودیە و واژووکردنی چەند رێککەوتننامەیەکی ستراتیجی تایبەت بە بوارەکانی سەربازیی، بەرگریی و تەکنۆلۆجی لە نێوان هەردوو وڵات، وەبیرهێنایەوە و پرسیاری ئەوەشی کرد کە "دوای ئەوەی راتانگەیاند کە چاو دەخشێننەوە بە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ سعوودیە، پێتانوایە تا ئێستا کاریگەریتان لەسەر حکوومەتی ریاز مابێت؟".

پاتێل لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەبەرئەوەی ئەمریکا لایەنێک نەبووە لە رێککەوتننامەکان، هیچ پەیوەندییەکیان پێیانەوە نییە و گوتیشی: "ئەوەی کە ئێمە لەم کابینەیەی حکوومەتدا جەختمان لەسەر کردووەتەوە ئەوەیە کە داوا لە وڵاتانی جیهان ناکەین لە نێوان ئەمریکا و چین یەکێکیان هەڵبژێرن. ئامانجمان ئەوەیە لە کاتێکدا چەند بژاردەیەک دەخرێتە بەردەم وڵاتانی هەر شوێنێکی جیهان ئەمریکا بەهێزترین بژاردە بێت".

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا دەربارەی ئەوەی "ئایا زیادبوونی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناگەیەنێت؟" رایگەیاند: "ئەمریکا لە رووی دروستکردنی هاوپەیمانی، بنیاتنانی نەخشەی بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی سەر ناوچەکە، سوودێکی بێهاوتای بەخشیووە و لەم رووانەوە کەس نییە شان بدات لە شانی".