هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران باڵیۆزی بەریتانیای بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد

ئێران باڵیۆزی بەریتانیای بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد
ئێران باڵیۆزی بەریتانیای بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد

2022-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بەریتانیا، بڕیاریدا لە بەرامبەر لەسێدارەدانی موحسین شکاری، سزا بخاتە سەر بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر ئەم کارە، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا.

لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "دوای ئەوەی بەریتانیا، پشتیوانی لە تیرۆر و ئاژاوەگێڕی لە ئێران کرد و سزای نایاسایی بەسەر ئێرانییەکاندا سەپاند، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران، سایمۆن شێکڵیف، بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە، کرا".

باس لەوەش کراوە کە باڵیۆزی بەریتانیا لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە سزاکانی وڵاتەکەی "دەستوەردانن لە کاروباری ناوخۆیی ئێران" و حکوومەتی تاران مافی وەڵامدانەوەی سزاکانی هەیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە موحسین شکاری تەمەن ٢٣ ساڵ کە پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی ئێران، دەستبەسەر کرابوو، لە چەند هەفتەی رابردوودا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆدەرکرا و رۆژی هەشتی کانوونی یەکەم، لەسێدارەدرا.

شکاری، بووە دووەم کەس کە پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان لە ئێران لەسێدارە بدرێت و بە "هەڵگرتنی چەک، گرتنی رێگای هاووڵاتییان، وەستاندنی ئۆتۆمبێل، پێشێل کردنی ئاسایش، بریندار کردنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان، هەڵگیرساندنی جەنگ دژی دەوڵەت لە رێی بڵاوکردنەووەی ترس و تۆقاندنەوە" تۆمەتبار کرابوو.

بەهۆی لەسێدارەدانی ناوبراویشەوە، بەریتانیا، نوێنەری باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن، مەهدی حوسێن مەتینی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد.

هەروەها وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیمس کلێڤەرلی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی تویتەر هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەووە کە لە بەرامبەر ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر خۆپیشاندەران لە ئێران "سزا بەسەر کارمەندانی زیندان و دادوەرانی دادگاکانی ئێراندا دەسەپێنن".

لە راگەیەندراوێکیشدا کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڵاویکردبووەوە، ئەو گوتەیەی کلێڤەرلی خرابووە روو کە گوتبووی: "بەئاشکرا تێڕوانینی خۆمان بە بەرپرسانی تاران راگەیاند. پێویستە ئێران بەزووترین کات جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان بوەستێنێت و کۆتایی بهێنێت بە توندوتیژی دژی گەلەکەی خۆی".