هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران چوار دامەزراوە و ١٣ کەسایەتی بەریتانیای خستە نێو لیستی سزاکانیەوە

ئێران چوار دامەزراوە و ١٣ کەسایەتی بەریتانیای خستە نێو لیستی سزاکانیەوە
ئێران چوار دامەزراوە و ١٣ کەسایەتی بەریتانیای خستە نێو لیستی سزاکانیەوە

2022-12-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ئێران، رایگەیاند بە تۆمەتی "هاندان بۆ توندوتیژی و تیرۆر لە ئێران و هاندان بو توندوتیژی، رق و قینە و توڕەبوون کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە" سزای سەپاندووەتە سەر هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی بەریتانی.

لەو راگەیەندراوەی کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵا کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری سزادانیان لە دژی ١٣ بەرپرسی باڵای بەریتانی کە سەرۆک ئەرکانی سوپای بەریتانیا، ئادمیرال تۆنی راداکین و جێگری وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا، رۆبێرت ژەنریک لە نێویاندایە و چوار دامەزراوەی بەریتانی دەرکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو بڕیاری سزادانە هاوتەریب لەگەڵ رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەسەر بنەمای پرنسیپی مامەڵەی هاوشێوە دراوە و تێیدا هاتووە:
"بڕیاری سزادانەکان بە هۆکاری وەکو پاڵپشتی کردنی تیرۆر لە وڵاتەکە بە ئەنقەست و بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو، هاندان بۆ تیرۆر و توندوتیژی و هاندان بو توندوتیژی، رق و قینە و توڕەبوون لە ناوەوەی وڵاتەکە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆکاری راپەڕین و ئاژاوەگیری، دەرکراوە".

هەریەک لە بنکەی پاڵپشتیی پەیوەندییەکان و هەواڵگریی هێزە ئاسمانییەکانی شاهانەی بەریتانیا (RAF Menwith Hill)، بنکەی پاڵپشتیی دەریایی شانشینی یەکگرتوو کە لە بەندەری مینا سەلمانی بەحرێن جێگیرن (UK Naval Support Facility)، لیژنەی پەرلەمانیی بۆ ئێرانێکی ئازاد (BCFIF) و پەیمانگای گۆڕانکاری جیهانیی تۆنی بلێر لەو دامەزراوانەن کە خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

هاوکات ئەو کەسانەی کە خراونەتە لیستی سزاکانەوە بریتن لە:
جێگری وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا رۆبێرت ژەنریک، سەرۆک ئەرکانی سوپای بەریتانیا ئادمیرال تۆنی راداکین، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی هەواڵگریی ناوخۆیی بەریتانیا (MI5) کێن ماککلوم، فەرماندی بنکەی ئاسمانیی شاهانەی وادینگتۆنی بەریتانیا ستیڤ کیلڤینگتۆن، سەرۆکی گرتووخانەی دورهام-ی بەریتانیا فیل هۆسباند، گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا مارتن ئیلیۆت سامپسۆن، ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا لۆرد ئالتن، پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران ماتیۆ ئافۆرد و دێڤید جۆنس، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی بەرتانیا واین دێڤید، پەرلەمانتاری پێشوو مارک ویلیەمز، سەرۆکی پەیمانگای مافەکانی مرۆڤی بەریتانیا گێفری بیندمان و جێگری سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی ئیسرائیل لە باڵی عەوامی پەرلەمانی بەریتانیا ژۆن سپیلەر.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژە بەوەش کراوە کە سزاکانی سەر ئەو چوار دامەزراوە و ئەو ١٣ کەسە "قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزە، قەدەغەکردنی هاتنیان بۆ ناو ئێران و دەستبەسەرگرتنی ماڵ و موڵکەکانی نێو ئێران" لەخۆدەگرێت.