ئەمریکا لەسێدارەدانەکان لە ئێران بە 'ترسانی سەرکردەکانی ئێران لە گەلی خۆیان' ناوزەند کرد
دیجیتال میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس ئاماژەی بەوە کرد کە لەسێدارەدانی کەسێکی دیکە لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران، نیشاندەری ئەوەیە سەرکردەکانی ئێران چەندە لە گەلی خۆیان دەترسن.
نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی دووەم بڕیاری لەسێدارەدان لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران، رایگەیاند: 'بەتوندترین شێوە ئەو کردە دلڕەقانە سەرکۆنە دەکەین'.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە جێبەجێکردنی یەکەم بڕیاری لەسێدارەدان لەسەر ئەو بابەتە لەناو خەڵکیدا بەمەبەستی ترساندنی خەڵک کراوە و گوتی: 'لە راستییدا ئەم ریکلامانە نیشانەیەکن دەریدەخەن کە سەرکردەکانی ئێران چەندە لە گەلەکەی خۆیان دەترسن'.
دوێنێ بەتۆمەتی کوشتنی دوو چەکداری سەربە "بەسیج" و بریندارکردنی چوار کەسی دیکە لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری مەشهەد، مەجید رەزا رەهنەوەرد کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو، سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کرا.
تا ئێستا لە ئێران 11 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانی مەهسا ئەمینی-یەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، یەکەم کەسیشیان بەناوی موحسین شیکاری لە هەشتی کانوونی یەکەمدا سزاکەی لەسەر جێبەجێ کرا.
لەکاتێکدا سزاکانی لەسێدارەدان لە ئێران بەتۆمەتی خۆپیشاندانەکان کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەولەتی لێکەوتووەتەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان لە نۆی کانوونی یەکەمدا سەرکۆنەی لەسێدارەدانی موحسین شیکاری کرد.