رووسیا: 'زیاتر لە ٤٠٠ ئۆکرانی دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بەنایاسایی سنوور ببەزێنن'
دیجیتال میدیای سپێدە
کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە رووسیا رایگەیاند، زیاتر لە ٤٠٠ ئۆکراینی نەتەوەیی و ئەنجامدەری تاوانی جەنگ لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا سنوورەکانی رووسیا ببەزێنن، دەستگیرکراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمیتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا، ئەلێکسادەر بۆرتینکۆڤ کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ئەمساڵی کۆمیتەکە کراوە و هاتووە: 'زیاتر لە ٤٠٠ ئۆکراینی نەتەوەیی و ئەنجامدەری تاوانی جەنگ لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا سنوورەکانی دەوڵەت ببەزێنن لە خاڵەکانی کۆنترۆڵدا، دەستگیرکراون. هەزار و ٢٦ کەسیش کە لە کردەی تیرۆریستییەوە تێوەگلاون، رێگەیان پێ نەدراوە بچنە رووسیای فیدراڵەوە'.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوەیش کراوە کە بڕیاردراوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر دژبە هەڕەشەکانی تیرۆر.