هەواڵی کوردستان ئێستا

تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌
تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

2022-12-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ناردنی 400 ملیارەکە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە.

*دەقی راگەیەنراوەکەی تیمی وەزاری یەکێتی:
‎‎ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بریاریدا لەسەر خەرجکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای برگەی 23/ج لە رێککەوتنی سیاسیی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق کە زۆربەی لایەنە سیاسیەکان ئیمزایان لەسەر کرد و بە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەتییەک بەناوی ئیدارەی دەوڵەت و رێککەوتنەکە بووە کارنامەی کابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی و متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا و لە ئێستادا بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەناویاندا پرسی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022.

‎هەر دەستکەوتێک بۆ گەلەکەمان بێت، جێی شانازیی و پێزانینی زۆرە لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدی هەرکەس ولایەنێک بەئەنجامی گەیاندبێت، و تیمە وەزارییەکەی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هەمیشە داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتیان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی زانیوە، بۆیە بە گەرمی پێشوازی لە بڕیاری ناردنی 400 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین.

هەر بۆیە تیمی یەکێتی لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە پێویستی زانی هەندێک زانیاری دروست بڵاو بکاتەوە:
‎یەکەم:
‎شاندی دانووستانی حکومەتی هەرێم کە ئێستا لەبەغدادە، بە بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێکهاتووە، وگەڕی یەکەمی دانووستانەکان بۆ ماوەی یەک هەفتە بە سەرۆکایەتی دکتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان وئەندامیەتی دکتۆر ئامانج رەحیمی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە کە هەردووکیان لە تیمی یەکێتییە لەگەڵ بەڕێزەکانی تری وەفدەکە.

دووەم:
ئەم 400 ملیارە لەسەر بنەمای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە کە حکومەتی عێراقییان پێک هێنا بەسەرۆکایەتی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردوو لەماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد کۆبوونەوە.

‎سێیەم:
‎دیاری کردنی بڕی 400 ملیارەکەش بۆ مانگی 11و 12ی 2022، لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021 بووە کە ئەوکات شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی عێراق رێککەوتن و لە یاسای بودجەی ئەو ساڵە جێگیر کرا و ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پارەیە دیاری کرا لە رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر حکومەتی عێراقی خستییە بواری جێبەجێ کردنەوە وەک هەموو بڕگەکانیتری رێککەوتنەکە.

‎لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە؛ مایەی دڵخۆشی ئێمە و دەستخۆشییەکی زۆرە بۆ حکومەتی فیدراڵ و هەموو ئەو کەسانەی بەشدار بوون لە دەرچواندنی ئەم بڕیارە راست و درووستە، بەڵام کارێکی ناڕەوایە بکرێتە دەستکەوتی تاکە کەس و لەم بابەتانەش وەک هەمیشە تاکڕەوەی بچەسپێندرێت بە پەراوێزخستنی راستییەکان.

‎ ئێمە بەتوندی راگەیەندراوەکە کە بە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە دەربارەی 400 ملیار دینارەکە رەت دەکەینەوە، چونکە ئەوەی باس کراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیە بەرامبەر تیمەکەمان. ئێمە وەک بەشێکی سەرەکی ئەم حکومەتە رایدەگەیێنین کە؛ بە هیچ شێوەیەک ئەوە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو دووبارە تەعبیرکردنە لە ڕای یەک حزبی ناو حکومەت. هەر ئەو جۆرە تاکڕەویەشە کە ئێمەی نیگەران کردووە و وای لێ کردووین هەڵوێستمان هەبێت.

*دەقی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم لەبارەی رەوانەکردنی پارەکەی بەغدا:
حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدا 400 مليار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ، سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ بڕیاریدا پشکی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ کە دەکاتە 400 ملیار دینار بنێرێت.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بەغدایە، بە ڕاسپاردە و ڕێنوێنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە و تائێستاش لە بەغدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان .

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جێی باسە بە هۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە، هیچ وەزیرێکی یەکێتی بەشداری لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرد و ئامادە نەبوون سەردانی بەغدا بکەن.