لیبیا بڕیارەکەی میسر سەبارەت بە سنوورە ئاوییەکان بەتەواوی رەتدەکاتەوە
دیجیتال میدیای سپێده
لیبیا رایگەیاند کە بڕیارەکەی میسر سەبارەت بە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەی بڕیارێکی "تاکلایانە"یە و بەتەواوی رەتیدەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی لیبیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی میسر سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی خۆرئاوای لیبیا بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکەی میسر پێشێلکردنی سنوورە ئاوییەکانی لیبیایە، هاتووە: "ئەو سنوورانەی میسر دیاریکردووە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە و تاکلایەنەیە".
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەپێی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان "پێویستە سنوورە ئاوییەکانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ بە رێککەوتنێک دیاری بکرێت کە لە رێگەی دانوستانەوە ئەنجام بدرێت و بەرژەوەندی هەردوولا مسۆگەر بکات".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا بڕیارەکەی میسر "بەتەواوی رەتکراوەتەوە" و بانگەوازێک ئاراستەی حکوومەتی میسر کراوە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی لیبیا سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکان.
مێدیاکانی میسر لە ١٣ی کانوونی دووەم بڕیاری سەرکۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسی سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی خۆرئاوای وڵاتەکە بڵاوکردەوە.