سبەی پاڵەوانی جامی جیهانی 2022ـی قهتهر ئاشکرا دەبێت
دیجیتاڵ میدیایی سپێده
ئەرجەنتین و فەڕەنسا کە هەریەکەیان لە مێژووی خۆیاندا دوو جار جامەکەیان بەرزکردووەتەوە، سبهی له کاتژمێر 18:00 لە یاری کۆتایی جامی جیهانی 2022 رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
سبەی ئەرجەنتین و فەڕەنسا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی 2022 کە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
یارییەکە کە لە یاریگای لوسائیل، گەورەترین یاریگای پاڵەوانێتییەکە ئەنجام دەدرێت، کاتژمێر 18:00 بە فیکەی ناوبژیوانی پۆڵەندی، شیمۆن مارچینیاک دەست پێدەکات.
فەڕەنسا و ئەرجەنتین کە هەریەکەیان لە مێژووی خۆیاندا دوو جار جامەکەیان بەرزکردووەتەوە، رکابەری بۆ بەدەستهێنانی سێیەمین نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
فەڕەنسای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، ئەگەر بێت و لە قەتەریش جامەکە بەرزبکاتەوە، دوای ئیتاڵیا و بەرازیل، دەبێتە سێیەم هەڵبژاردە کە دووجار لەسەریەک نازناوەکە دەباتەوە.
ئەرجەنتین کە بۆ جاری شەشەمە لە مێژووی خۆیدا دەگاتە یاری کۆتایی، هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی دوای 36 ساڵ بە نازناوەکە شادبێتەوە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ساڵی 1978 بە ئەنجامی 3 - 1 لە هۆڵەندا و لە ساڵی 1986 بە ئەنجامی 2 - 3 لە ئەڵمانیای بردەوە. لە یەکەم مۆندیالیشدا لە ساڵی 1930دا بە ئەنجامی 2 - 4 بە ئۆرۆگوای دۆڕا، لە ساڵانی 1990 و 2014یشدا بە ئەنجامی 0 - 1 بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دۆڕا.
ئەرجەنتین و فەڕەنسا لە مێژووی مۆندیالدا تا ئێستا سێ جار رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
ئەرجەنتین لە ساڵانی 1930 و 1978 بە ئەنجامەکانی 0 - 1 و 2 - 1 لە قۆناغی کۆمەڵەکان لە فەڕەنسای بردووەتەوە، لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018یشدا، فەڕەنسا بە 3 - 4 بردنەوەی تۆمارکردووە.