تورکیا و عێراق ھەوڵدەدەن ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان 20 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت
دیجیتاڵ میدیایی سپێده
سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکانی تورکیا (DEIK)، خالید ئاجار رایگەیاند کە تورکیا و عێراق پێکەوە کار دەکەن، بۆ ئەوەی ئاڵوگوڕی بازرگانی نێوانیان زیاد بکەن و 20 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
خالید ئاجار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە 18 و 19ی ئەم مانگە، شاندێکی ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی زیادکردنی بازرگانی و وەبەرھێنان نێوان ھەردوو وڵات، سەردانی عێراقی کرد.
راشیگەیاندووە کە شاندەکە لە میانی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پەلەکردن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێدانی ڤیزا و دەستەبەرکردنی ھاتوچۆی ئازادانەی بارھەڵگرەکانی تورکیا و پەڕینەوەی ترانزێت و دەستڕاگەیشتن بە ئاسانی دارایی بۆ زیادکردنی ھەناردە، بازرگانی و وەبەڕھێنان لەنێوان ھەردوو وڵاتدا.
باسی لەوەش کردووە کە لەئێستادا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق، 20 ملیار دۆلارە، بەڵام ھەردوو وڵات پێکەوە کار دەکەن، بۆ ئەوەی ئاڵوگوڕی بازرگانی نێوانیان زیاد بکەن و 20 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.