تەندروستی سلێمانی: هیچ ڤایرۆسێكی ترسناك بڵاو نەبۆتەوە
تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت کە هیچ ڤایرۆسێكی ترسناك لە شارەکە بڵاو نەبۆتەوە و ئاشکرای دەکات ئەوەی هەیە بریتییە لە ئەنفلۆنزای وەرزیی كە لە هەرێمی كوردستان، عێراق و جیهانیش هەیە لەم كاتەدا.
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە هەژماری خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک راگەیەندراوێکی لە زاری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، رزگار عەلی بڵاو کردەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردۆتەوە کە باس لە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی بەراز دەکەن.
لە لێدوانەکەیدا کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی بڵاوی کردۆتەوە، رزگار عەلی رایگەیاندووە 'سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی ترسناك لە شاری سلێمانی، چەند رۆژێكە دەنگۆیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوبۆتەوە گوایە ڤایرۆسێكی ترسناك لە شاری سلێمانی بڵاوبۆتەوە و چەند كەسێك بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە و سەرلەبەری ئەو دەنگۆیە ناڕاستە و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لە سلێمانی بڵاونەبۆتەوە و ئەوەی هەیە بریتیە لە ئەنفلۆنزای وەرزیی كە لە هەرێمی كوردستان، عێراق و جیهانیش هەیە لەم كاتەدا".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەیشداوە 'وەكو بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی ئەو هەواڵانە بەنادروست دادەنێنین و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لە شاری سلێمانی بڵاونەبۆتەوە و ئێستا لە هەموو ناوچە ساردەكانی جیهان پەتای ئەنفلۆنزای وەرزیی هەیە و هیچ كەسێكیش بەم پەتایە گیانی لەدەست نەداوە".
رزگار عەلی باسی لە چەند رێنماییەك كردووە بۆ خۆپارێزی لە ئەنفلۆنزای وەزریی وەك بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان و دووركەوتنەوە لە كەسی تووشبوو و پاكژكردنەوە و شووشتنی دەستەكان و هەواگۆڕكێكردن لە شوێنە داخراوەكان.