کۆریای باکوور ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن چەکی داوەتە کۆمپانیای ڤاگنەری رووسی
دیجیتال میدیای سپێده
حکوومەتی کۆریای باکوور ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەواڵەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی چەکی کۆریا بۆ رووسیا بێ بنەمایە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، لە لێداونێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی کۆریای باکوور (KCNA)، باسی لەوە کرد کە ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ژاپۆن بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە گوایا کۆریای باکوور چەکی داوەتە رووسیا "بێ بنەما"ن.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەشدا کە پیویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی سەرنج بخاتە سەر "تاوانەکان"ی ئەمریکا کە لەڕێی پێدانی چەکی "کوشندە" بە ئۆکراینا بووەتە هۆی هاتنەئارای وێرانکارییەکی گەورە لەو وڵاتەدا و گوێ بۆ ئەو "گوتە بێ بنەمایانە" نەگرێت کە باس لە بازرگانی چەک لە نێوان رووسیا و کۆریای باکوور دەکەن.
هەروەها گوتەبێژەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە کۆریای باکوور لە بابەتی بازرگانی چەک لەگەڵ رووسیا پەیڕەوی لە "هەڵوێستی بنچینەیی" خۆی دەکات و هیچ کاتێک چەکی نەداوەتە مۆسکۆ.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ئەوەشی دووپات کردەووە کە بڵاوکردنەووەی هەواڵی بێبنەما، "بێبایەخترین" رێگایە بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ لایەکی دیکە، جەختی لەوەش کردەوە کە گەلی رووسیا لە کەسانی بوێر پێکهاتووە کە توانای بەرگرییکردن لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەیان هەیە و پێویستییان بە هاوکاری سەربازیی کەسانی دیکە نییە.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جۆن کێربی، دوێنێ لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستبووەڕوو کە کۆریای باکوور مانگی رابردوو، "یەکەم کۆمەڵە چەکی" رادەستی کۆمپانیای ڤاگنەر کردووە کە کۆمپانیایەکی سەربازیی رووسییە.
کێربی داوای لە کۆریای باکوور کردبوو رادەستکردنی چەک بە کۆمپانیای ڤاگنەر بوەستێنێت.