سوودانی: بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی شاری بەسرە رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمرۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لە بەسرە لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی خزمەتگوزاری لە بەسرە خراوەتە بەرباس، ھەروەھا زانیاری لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ٢٥ھەمین پاڵەوانێتی جامی کەنداو دراوە بە سوودانی.
باسی لەوەش کردووە کە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دۆسیەی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان پەیوەستە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی و رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەمەبەستی بەداواچوون بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی، ھەروەھا بۆ ئاگاداربوون لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ٢٥ھەمین پاڵەوانێتی جامی کەنداو، گەیشتە شاری بەسرە.