پوتین فرۆشتنی نەوتی بەو وڵاتانە قەدەغەکرد کە بەرزترین نرخیان لەسەر رووسیا جێبەجێ کردووە
لەگەڵ ئەو مەرسوومەی کە لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین واژوو کرا، فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا بەو کەس کۆمپانیایانە قەدەغە کرا کە بەشداربوونە لە جێبەجێکردنی بەرزترین نرخ لەسەر نەوتی رووسیا.
پوتین لە رێگەی ئەو مەرسوومەوە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی میچی نرخی ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی رووسیا لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە بڕیاری جێبەجێکردنی سزای دەرکرد.
بەپێی ئەو مەرسوومەی کە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی بەو کەس و کۆمپانیایانە قەدەغە دەکات کە بەشدارییان لە جێبەجێکردنی بەرزترین نرخ لەسەر نەوتی رووسیا کردووە، ئەوانەی نەوتی رووسیا دەکڕن ئەگەر میکانیزمی میچی نرخێکی جێگرەوە لەوەی لە گرێبەستەکدا هەیە بەکاربهێنن ئەوە گواستنەوەی نەوتیان بۆ ئەنجام نادرێت.
لە مەرسوومەکەدا ئەوە دیاری کراوە کە قەدەغەکردنی گواستنەوەی نەوت لە ١ی شوباتی ٢٠٢٣وە دەچێتە بواری جێبەجێ کردن و جەخت لەوە کراوەتەوە کە گواستنەوەی نەوت بۆ ئەو لایەنانەی کە میچی نەوتیان جێبەجێ کردووە تەنها بە رەزامەندی پوتین ئەنجامدەدەرێت.
بەپێی مەرسوومەکە قەدەغەکردنی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانیش لەو رێککەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن کە حکوومەتی رووسیا دیاری دەکات.
وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە ٢ی کانوونی یەکەم گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی کە ٦٠ دۆلار وەکو بەرزترین نرخ بخەنە سەر ئەو نەوتەی رووسیا کە لە رێگای دەریاوە دەگوازرێتەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئالێکساندەر نۆڤاک لەو راگەیەندراوەی کە لە ٢٣ی کانوون یەکەمدا بڵاوی کردەوە ئاشکرایکرد کە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەو لایەنانە نافرۆشن کە بەشدارییان لە جێبەجێکردنی بەرزترین نرخ لەسەر نەوتی رووسیا کردووە و ئەگەر پێویست بکات بەرهەمە نەوتییەکان بۆ لە سەدا پێنج بۆ حەوت کەمدەکرێتەوە.