
لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی داهاتوو (تشرینی دووەم) بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی لەسەر بنەمای بایۆمەتری دەبێت.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردنی مووچەی ئەم توێژانە (کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی) هاتووە: "داوا دەکەین، بارکۆدەکانیان بەزووترین کات بگەیێنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتیان، بە پێچەوانەوە بەپێی بڕیاری 111ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 12-6-2017 دەرچووە، مووچەکانیان لە مانگی داهاتوو رادەگیرێت".
لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان راسپێردراوە کە هاوکاربێت لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
دەقی راگەیێندراوەکە لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری
لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گشت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی، ئاگاداردەکاتەوە کە دابەشکردنی مووچەی مانگی داهاتووی ئەو توێژانە، کە دەکەوێتە مانگی (11 تشرینی دووەم)، لەسەر بنەمای بایۆمەتری دەبێت، بۆیە داوا لە مووچەخۆرانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی دەکەین کە بارکۆدەکانیان بە زووترین کات بگەیەنە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتیان، بە پێچەوانەوە مووچەکانیان لە مانگی داهاتوو رادەگیرێت بەپێی بڕیاری 111ی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە بەرواری 12/6/2017 دەرچووە.
بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێز وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان راسپێردراوە کە هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری
14ی تشرینی یەکەمی 2018