لە ڤێنیزوێلا ئۆپۆزسیۆن حکوومەتی کاتیی هەڵوەشاندەوە
دیجیتاڵ میدیایی سپێده
ئۆپۆزسیۆنی ڤێنیزوێلا حکوومەتە کاتییەکەی خوان گوایدۆی هەڵوەشاندەوە کە لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا، خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە دیاری کردبوو.
ئۆپۆزسیۆن لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامی دا، سەرەڕای ناڕەزایی گوایدۆ و هەندێک پەرلەمانتاری پێشووی ئۆپۆزسیۆن، بە بڕیاری زۆرینە حکوومەتی کاتیی هەڵوەشاندەوە.
نزیکەی هەشت پارتی ئۆپۆزسیۆن کە پێیان وابوو ئەو داواکاریەی پێشکەش کراوە لەگەڵ دەستووردا ناگونجێت، بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا نەکرد.
پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد، خوان میگوێل ماتیۆس رایگەیاند کە ستراتیجی سیاسەتی نوێ پێویستە بۆ شکستپێهێنانی حکوومەتەکەی سەرکۆمار، نیکۆلاس مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا.
فرێدی گیڤارا کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی کاتیی کارێکی هەڵەیە.
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن گوایدۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی کاتیی زیان بە یەکێتیی دژ بە چاڤێز دەگەیەنێت.
گوایدۆ باسی لەوە کرد کە هێشتا لەلایەن ئەمریکا و هەندێک وڵاتەوە وەک سەرۆکی شەرعی وڵات دادەنرێت و، رایگەیاند: 'ئەمڕۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئامڕازی دەستووری، لە رووی راستیی سیاسییەوە نامانخاتە پێگەیەکی باشەوە'.
هەروەها گوایدۆ باسی لەوە کرد کە رەنگە سامانی ڤێنیزوێلا لە دەرەوەی وڵات بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە واز لە خەبات ناهێنێت و داوای یەکگرتوویی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٥دا، ئۆپۆزسیۆنی ڤێنیزوێلا لە سەدا ٦٥ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە کۆی ١٦٧ کورسی پەرلەمانی وڵاتەکە ١١٢ کورسی بەدەستهێنا.