داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە ساڵی رابردوودا 115 ملیار دۆلار بووە
دیجیتاڵ میدیایی سپێده
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەییان عەبدولغەنی رایگەیاند کە داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەیشتووەتە ١١٥ ملیار دۆلار، ئەوەیش بەراورد بە داھاتی ساڵی ٢٠٢١دا، ٣٩ ملیار و ٣٥٠ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، یەک ملیار و ١٠٢ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و کۆی گشتیی داھاتەکەیشی گەیشتووەتە، ٧٥ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە حەییان عەبدولغەنی رایگەیاندووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، یەک ملیار و ٢٠٩ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە تێکڕای ھەناردەکردنی رۆژانە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٣١٢ ھەزار بەرمیل.
راشیگەیاندووە کە کۆی گشتی داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٢دا، گەیشتووەتە ١١٥ ملیار دۆلار.
وەزیری نەوت باسی لەوەش کردووە کە پرۆسەکانی ھەناردەکردن بەپێی ھەڵسەنکاندنی بازاڕی نەوت بۆ کۆمپانیا نەتەوە جیاوازەکان ئەنجامدراوە، لەنێویاندا ( چین، ھیندستان، کۆریای باشوور، تورکیا، یۆنان، ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، رووسیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ھۆڵەندا)، ھەروەھا ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەی عەرەبی.
حەییان عەبدولغەنی ھەروەھا ستایشی ھەوڵەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوتی کردووە لەبەرامبەر ئەو داھاتەی کە بەدەستھاتووە کە بەھۆیەوە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ بوودجەی گشتیی فیدراڵیی دابین کردووە کە ١١٥ملیار دۆلارە.