بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم ئاماری ساڵانەی تاوان و سزادراوانی بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵانەی جۆری تاوان و سزادراوانی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە میانی ساڵی رابردوودا، حەفت هەزار و ٨٢١ کەس بەتاوانی جۆراوجۆر سزادراون و گواستراونەتەوە بۆ ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشخراوەتەڕوو کە بە گشتی پێنج هەزار و ٥٠٠ کەس لەناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی کۆمەڵایەتیی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماری ساڵانە و جۆری تاوانی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و تیایدا جەختی لەوەکردەوە کە بە مەبەستی کەمبوونەوەی جەنجاڵی لەناو گرتووخانەکاندا، پڕۆژەیەکیان لەبارەی لێبوردنی گشتیی ئامادە کردووە و ئاشکرایشی کرد کە لەماوەیەکی نزیکدا، کۆبوونەوەیەکیان لە پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە دەبێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان گوتی: "کۆی گشتی سزادراوانی هاتوو بۆ ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا بریتیی بووە؛ لە حەفت هەزار و ٨٢١ کەس، هاوکات ئەو کەسانەیشی کە ئازادکراون بریتیی بووە لە حەفت هەزار و ٥٧١ کەس، هەروەها هەزار و ١٩٢ کەس بە مەرج ئازادکراون".