هەواڵی کوردستان ئێستا

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: "مەترسییەکانی کۆرۆنا بەردەوامن"

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: "مەترسییەکانی کۆرۆنا بەردەوامن"
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: "مەترسییەکانی کۆرۆنا بەردەوامن"

2023-01-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس هۆشداری ئەوەی دا کە وێڕای بەرەوپێشچوونەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، هێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بەردەوامن.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەگای رێکخراوەکە لە شاری جنێڤ-ی سویسرا، ئاماژەی بەوە دا کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەوە، جیهان لە روانگەی خزمەتگوزاری پزیشکی، ڤاکسین و چارەسەرەوە لە رەوشێکی باشتردایە.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی رابردوودا، حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و وێڕای کێشە و ئاستەنگەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، هەڵمەتەکانی بەکارهێنانی ڤاکسین زیادیان کردووە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس باسی لەوەش کرد کە سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکان تا ئێستا هەڕەشەکانی پەتای کۆرۆنا بەردەوامن و گوتی: "تا ئێستاش لە دەستەبەرکردنی چارەسەر، پشکنین و ڤاکسیندا نایەکسانییەکی گەورە هەیە. بەم شێوەیە بەشێوەیەکی گشتیی هەڕەشەکانی پەتای کۆرۆنا بۆسەر تەندروستی، ئابووری و کۆمەڵگەکانمان بەردەوامە. وەک دەزانین هەفتانە نزیکەی ١٠ هەزار کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن. رەنگە ئامارە راستەقینەکان لەو ژمارانەش زیاتربن".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەش دا کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، راپۆرتەکانی تایبەت بە زیادبوونی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و هەڵامەت لە هەندێک ناوچەی نیمچەدوورگەی کۆریا، بەشێوەی بەرچاو زیادیان کردووە، ئاماژەی بەوەش دا کە هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی رێکخراوەکەیان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی چین کۆبوونەتەوە و دەربارەی رەوشی پەتای کۆرۆنا گفتوگۆیان کردووە، گوتیشی: "لەپاڵ بوونی داتای خێراتر، رێکخراوتر و دڵنیاتر دەربارەی خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی چین و ژمارەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان، بەردەوام دەبین لە داواکردنی زنجیرەی DNAی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی هاوکات و فراوانتر".

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس ئەوەشی ئاشکرا کرد کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیگەرانە لەو مەترسییەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی جیهان هەیە و بۆ رێگریکردن لە خەواندنی تووشبووانی پەتاکە لە نەخۆشخانەکان و حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان، بەکارهێنانی ڤاکسین پێویستە.

- "داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین زانیارییەکانیان بڵاوبکەنەوە"

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس باسی لەوە کرد کە بەهۆی خێرایی تەکنەلۆجیا لە چین، ئامارەکانی ئەو وڵاتە بەرزن و رایگەیاند: "ئەم زانیارییانە، بۆ جیهان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زۆر بەسوودن. داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین زنایارییەکانیان بڵاوبکەنەوە، چونکە زانیارییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی خێرا و بەهێزی رەوشی ئێستا، گرنگییەکی زۆریان بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەیە".

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس ئاماژەی بەوەش دا کە شەپۆلی ئۆمیکرۆن کە بۆ یەکەمجار لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لە چین بڵاوبووەوە لە ئەمریکا و ئەورووپا لە زیادبووندایە و تا ئێستا لانیکەم لە ٢٥ وڵات تۆمار کراوە.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا، بابەتێکی گرنگە و بە هەوڵی راستەقینە دەتواندرێت لەمساڵدا کۆتایی پێ بهێندرێت.