هەواڵی کوردستان ئێستا

لە ئەمریکا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر مردوونێژێکدا سەپێندرا

لە ئەمریکا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر مردوونێژێکدا سەپێندرا
لە ئەمریکا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر مردوونێژێکدا سەپێندرا

2023-01-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ ناوەڕاستی ئەمریکا بەهۆی فرۆشتنی زیاتر لە ٥٠٠ تەرم یان بەشێک لە ئەندامەکانی تەرمەکان بەبێ رەزامەندی خانەوادەکانیان، سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر مردوونێژێکدا سەپێندرا.

داواکاری گشتیی ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مێگان هێس-ی تەمەن ٤٦ ساڵ، لەو کاتەی لە شاری مۆنترۆس مردوونێژ بووە، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی خێزان و کەسوکاریان بەشێوەیەکی نایاسایی ٥٠٠ تەرم، یان بەشێک لە ئەندامەکانی تەرمەکانی فرۆشتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێس کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٨ نزیکەی ٥٦٠ تەرمی فرۆشتووە بە کۆمپانیاکانی فێرکاریی پزیشکی، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها دایکی هێس، شیرلی کۆچ (تەمەن ٦٩ ساڵ)، بەهۆی هاوکاریکردنی کچەکەی لە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستەی مردووەکان، سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

داواکاری گشتیی ویلایەتەکە (کۆلۆرادۆ)، کۆل فینێگان بە وەسفکردنی هێس و کۆچ بە "ترسناک"، "نەخۆش" و "تەماحکار"، هیوای خواست کە ئەم سزایەی بەسەر تاوانباراندا سەپێندراوە ببێتە مایەی ئارامی بۆ دڵی خێزان و کەسوکاری قوربانییەکان و وانەیەک بۆ ئەو کەسانەی بیر ئەنجامدانی فێڵ و تاوانی لەو جۆرە دەکەنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هێس و کۆچ پەیوەندییان بە کەسوکاری مردووەکانەوە کردووە بۆ وەرگرتنی نموونەیەکی بچووک لە پێست یان شانە لە تەرمەکان، بەڵام هەندێک خێزان بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتیان نەداوە، هەروەها ئەوانەی مۆڵەتیان داوە بەبێ ئاگاداری خۆیان زۆربەی ئەندامەکانی مردووەکانیان فرۆشتوون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو دوو تۆمەتبارە ژنە تەرمی مردووەکانیان فرۆشتووە کە داوایان لێکرابوو بە بڕی هەزار دۆلار بیانسووتێنن، هەروەها ئەو خۆڵەمێشەکانەیش کە بە خێزانەکانیان داوەتەوە هی تەرمی مردووەکانیان نەبووە.