دوو مناڵی توشبووی کۆرۆنا لە سێبیران چاك بوونەوە
ههولێر –KDP.info- دوو مناڵی تۆشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە دانیشتووی كۆمەڵگەی سێبیرانی سەر بە ھەولێرن چاك بوونەوە و باوكی یەكێكیان دەڵێت: "مناڵەكەم گەڕاوەتەوە ماڵی باپیری".
مێوان زرار، یەكەم توشبووی کۆرۆنا لە كۆمەڵگەی سێبیران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە پشكنینەكاندا دەركەوت ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنام، پشكنین بۆ ھاسەر و دوو مناڵەكەم كرا، بەداخەوە ھاوسەرەكەم و مناڵێكم بە ناوی بنیامین، ھەڵگری ھەمان ڤایرۆس بوون، بەڵام سوپاس بۆ خۆدا و سوپاس بۆ تیمەكانی تەندروستی دوای وەرگرتنی چارەسەر، دووبارە پشکینەکان بۆ كوڕە نۆ ساڵییەكەم ئەنجام دارایەوە و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بوو و، بە سەرکەوتوویی ڤایرۆسەکەی تێپەڕاند".
مێوان زرار گوتیشی: "ئەمڕۆ مناڵەكەم نەخۆشخانەی پێشمەرگەی جێ ھێشت، كە تایبەتە بە ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گەڕایەوە ماڵی باپیری، چونكە ھێشتا من و ھاوسەرەكەم لە نەخۆشخانەین، پێمان باش بوو تا ئێمەش چاك دەبینەوە لە ماڵی باپیری بمێنێتەوە".
راید فاروق، خەڵكی سێبیرانە و باوكی مناڵێكی یەك ساڵانە بە ناوی ڕۆشنا، مناڵی ئەویش ھەڵگری ڤایرۆسەكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای توشبوونی مناڵەكەم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ و وەرگرتنی چارەسەر، ئەمڕۆ دووبارە پشکنینی بۆ کرا، سوپاس بۆ خوا ئەنجامی پشکینەکانی دڵخۆشکەر بوون، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە کە لە نەخۆشخانە دەربچێت و بگەڕێتەوە ماڵەوە.'
ئەمرۆ دووشەمە ٣٠ی٣ی ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ھەولێر ڕایگەیاند، منداڵێکی یەک ساڵەی تووشبووی کۆرۆنا لە ھەولێر چاک بووەتەوە، منداڵەکە یەکێک بوو لە تووشبووانی کۆرۆنا لە کۆمەڵگەی سێبیران.
هەکار سەلام