هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرکۆماری عێراق : "پێویستە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و زیانلێکەوتووانیش قەرەبوو بکرێنەوە"

سەرکۆماری عێراق :
سەرکۆماری عێراق : "پێویستە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و زیانلێکەوتووانیش قەرەبوو بکرێنەوە"

2023-01-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید رایگەیاند کە پێویستە کاری لە پێشینە بریتی بێت لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدوللەتیف رەشید لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی کردووە لە نوێنەرانی پێکھاتەکانی شنگال و کۆبوونەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە سەر گرنگی چەسپاندنی بەھاکانی برایەتی و ھاریکاری لە نێوان تەواوی دانیشتوانی شنگال و راذیگەیاندووە کە پێویستە ھەوڵە ھاوبەشە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئۆقرەیی، ئاشتیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، چڕتر بکرێنەوە، ھەروەھا ستایشی قوربانییەکانی دانیشتوانی شنگال کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا.

لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماریی عێراق باس لەوەش کراوە کە عەبدوللەتیف رەشید جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی کاری جیددی بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی دانیشتوانی شنگال کردووەتەوە.

عەبدوللەتیف رەشید ئاماژەی بەو ئازار و نەھامەتیانە داوە کە ئاوارەکان رووبەرووی بوونەتەوە بە تایبەت ئاوارەکانی شنگال و راشیگەیاندووە کە گرنگە پەلە بکرێت لە چارەسەر کردنی گوزەرانیان و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کاری لە پێشینە، ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ھەروەھا قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە بێت کە زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا پێشکەشکردنی پشتیوانیی پێویست لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

لە بەرامبەر ئەمەشدا ئەندامانی شاندەکە باسیان لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کردووە، بە تایبەت دوای ئەو تاوانانەی کە تیرۆریستانی داعش بەرامبەر پێکھاتەکانی شارەکە ئەنجامیانداوە، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە یەکگرتوویی و ویستی نیشتمانییان بەشێکی گرنگ بووە لە بەدەستھێنانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستاندا.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەندامانی شاندەکە داوایان کردووە کە دەزگاو دامەزراوە حکوومییەکان لە شارەکەدا رۆڵی خۆیان بگێڕن و بوودجەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.