هەواڵی کوردستان ئێستا

ساڵی 2022 پێنجەم گەرمترین ساڵ بووە

ساڵی 2022 پێنجەم گەرمترین ساڵ بووە
ساڵی 2022 پێنجەم گەرمترین ساڵ بووە

2023-01-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لە سەرتاسەری جیهاندا ساڵی ٢٠٢٢ پێنجەم گەرمترین و لە ئەورووپاش دووەم گەرمترین ساڵ بووە.

خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەورووپا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەیەکی زۆر ریکۆردی تایبەت بە گەرما تۆمار کراون و چڕبوونەوەی گازە گەرمیدەرەوەکانیش زیادیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی یەکێتی ئەورووپا، ساڵی ٢٠٢٢ "لەو کاتەوەی پلەکانی گەرمی تۆمار دەکرێن تا ئێستا، پێنجەم گەرمترین ساڵ بووە" و لە هەشت ساڵی رابردووشدا "گەرمترین ساڵ" بووە.

تێكڕای پلەی گەرمی ساڵانەی ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵانی ١٩٩١-٢٠٢٠ بە ٠،٣ پلە زیادی کردووە و بەراورد بە ساڵانی ١٨٥٠-١٩٠٠ بە ١،٢ پلە زیادی کردووە.

هاوشێوەی ساڵانی رابردووش چڕی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا نزیکەی ٢،١ ppm زیادی کردووە.

 

لە کیشوەری ئەورووپاش ساڵی ٢٠٢٢ لە دوای ساڵی ٢٠٢٠ دووەم گەرمترین ساڵ بووە.

بەگوێرەی پێوەرە وەرزییەکان، کیشوەری ئەورووپا گەرمترین هاوین و سێیەم گەرمترین پاییزی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بینیوە.

لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بەرزی پلەکانی گەرما بە درێژایی هاوین کاریگەری لەسەر پاکستان، هیندستان و چین دروست کرد و لە پاکستان بووە هۆی دروستبوونی گەورەترین لافاو لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو.

هەروەها بارانی بەلێزمە رووی لە ئوستورالیا کرد.

لە مانگی شوباتیشدا بەگوێرەی تۆماری مانگە دەستکردەکان بڕی سەهۆڵی دەریای وێدڵ لە بەستەڵەکی باشوور کەمترین رێژەی ٤٤ ساڵی رابردووی هەبووە.