لە هێرشێکی چەکدارییدا لە پاکستان سێ پۆلیس کوژران
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ویلایەتی خەیبەر پەختونخای پاکستان و لە ئەنجامدا سێ کارمەندی ئەمنیی کوژران.
بەپێی هەواڵی راگەیاندنی ناوخۆی پاکستان، شەوی رابردوو هێرشی چەکداریی کراوەتە سەر بنکەی پۆلیسی سارباند لە پیشاوەر.
لە ئاکامی ئەو هێرشەدا سێ پۆلیس کوژراون.
بەرپرسانی ناوچەکە باسیان لەوە کرد کە چەکدارەکان بۆمبی دەستی، چەکی نیشانشکێن و چەکی ئۆتۆماتیکیان بەکارهێناوە.
هێشتا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
تاڵیبانی پاکستان، لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە کە لە ١٠ی ئایاریدا ئەو ئاگربەستە کۆتاییهاتووە کە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلام ئاباد لەسەری رێککەوتبوون و فەرمانی بە ئەندامانی کردووە لەسەرانسەری ئەو وڵاتەدا هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان.
لەو رێکەوتەوە تا ئێستا رێکخراوەکە هێرشەکانی بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی پاکستان چڕکردووەتەوە.
پاکستان بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بە رێکخراوی تیرۆریستیی دەناسێت.
بەپێی داتاکانی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئاسایش کە ناوەندەکەی لە ئیسلام ئابادە (CRSS)، لە ئەنجامی ٥٠٦ کردەی تیرۆریستیی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە پاکستان ئەنجام دراون، ٦٠١ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٩٠ییان کارمەندی هێزی ئەمنیی و ٣١١یان مەدەنی بوون و ٧٤١ کەسیش برینداربوون.
زۆرێک لە هێرشەکان لە ناوچەکانی سنووری ئەفغانستان-پاکستان ئەنجام دراون و زۆرینەشیان لەلایەن تاڵیبانی پاکستان و سوپای رزگاری بەلوجستان (BLA و رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لەئەستۆ گیراون.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کردە تیرۆریستییەکان لە پاکستان بەراورد بە ساڵی پێشتر لە سەدا ١٥ زیادی کردووە.