بەهۆی ئەو زریانەی باشووری ئەمریکای گرتووەتەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە
بەهۆی ئەو زریانەی ویلایەتەکانی باشووری ئەمریکای گرتووەتەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لانیکەم هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکانی وڵاتەکە، زریانێکی توند ژمارەیەکی زۆری خانووی رووخاندووە و کارەبای لە هەزاران کەس بڕیووە.
لە ناوچەی بوتس لە ویلایەتی جۆرجیا، لە ئاکامی بەربوونەوەی دارێک بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا منداڵێکی پێنج ساڵان گیانی لەدەستدا و دایک و باوکی منداڵەکەش بە سەختی برینداربوون.
هاوکات حەوت کەس لە ناوچەی ئاوتاوگا لە ویلایەتی ئالاباما گیانیان لەدەستدا.
فەرمانڕەوای ویلایەتی ئەلاباما، کای ئایڤی لە پەیامێکیدا لە تویتەر ئەوەی راگەیاند کە دۆخی نائاسایی لە ناوچەکانی ئاوتاوگا، چامبەرس، کۆسا، داڵاس، ئێلمۆر و تالاپۆسا راگەیەندراو.
بەپێی ماڵپەڕی "PowerOutage.us" کە بەدواداچوون بۆ بچڕانی کارەبا لە ئەمریکا دەکات، دوێنێ ١٤ هەزار و ٢٥٥ کەس لە ئالاباما و لانیکەم ١٨ هەزار و ٧٠٠ کەس لە جۆرجیا بەبێ کارەبا ماونەتەوە.