English | عربي

"کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی رەسمی یه‌كێتیی نیشتمانی نه‌بووه‌"



2018/10/16 | 22:40

(هەواڵ كوردستان)- سلێمانی ـ AAبەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەلا بەختیار لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کۆتاییھاتنی خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی باسی لە ساڵیادی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر كرد.مەلا بەختیار گوتی: "میللەتی ئێمە کە ئاوڕ لە ساڵێکی لەمەوبەر دەدەنەوە ساڵێکی غەمناک و ساڵێکی ترسناک و ناخۆش بووەتە ھاوڕێی یادەوەرییەکی نەتەوەیی و مەترسییەکی نەتەوەیی، سەرکەوتنێک لەسەر بەزینی مۆراڵ بنیاتنرابێت سەرکەوتن نییە، من پێم وایە ئەوەی ناویان نا سەرکەوتن بەسەر ریفراندۆم، ئەوەی ناویان نا سەرکەوتن بۆ گێڕانەوەی کەرکووک و خانەقین و شنگال و ناوچەکانی تر و بردنەوەی بۆ چوارچێوەی شەرعیەت بەراستی وەلاوەنانی مۆراڵی ھەموو رێکەوتنەکان و پێشێلکردنی دەستوور و ھەموو ئەو بەڵێن و گفتانە بوو کە بەدرێژایی ٤٠ ساڵ ئێمە لە ئۆپۆزسیۆنی عێراق بنیاتمان نابوو".مەلا بەختیار گوتی: "بە غەدرێکی گەورە ھەندێک راگەیاندن دەیانەوێت ئەم کارەساتە لەسەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بکەنە ماڵ، ئەو کارەساتە سیاسەتی رەسمی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، کاک کۆسرەت نییه‌، ئێمە تەحەمولی ئەو روداوە ناکەین لە مێژوودا".ئەو ھەروەھا گوتی: "ئێمە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەرپرسیار نین و بەداخەوە قەتماغەی برینی زۆر ھەڵدراوەتەوە لەم رۆژانەدا، ئەگەر ئاوڕ لە مێژوو بدەنەوە لەم برینانە قوڵتر لە مێژووی ئێمە ھەیە، بۆیە ھەڵدانەوەی قەتماغە لە قازانجی بەدیھێنانی ستراتیج و چارەسەرکردنی کێشەکانمان و بنیاتنانی حکوومەتێکی سەرکەوتوو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نییە".مەلا بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کولتووری سیاسی ئێمە کولتووری تۆمەتبار کردنی یەکتر و شکاندنی یەکتر و کولتووری پەلاماردانی یەکترە نەوەک کولتووری ھەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن و پەند و دەرس وەرگرتن تا ھەڵەکان دووبارە نەکەینەوە، نابێت لەسەر ئەم ھەڵانە بەردەوام بین، ھەروەھا نابێت لەسەر ئەو کارەساتانەی وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بین".مەلا بەختیار ئەمڕۆ لەساڵیادی روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، بە پێشەکیەکی کورت و نوێوە، ھەمان ئەو پەیامەی بڵاوکردەوە، کە دوو رۆژ دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار بڵاویکردەوە.

لەو پێشەکیە کورتەدا، ئەوە ئاشکرادەکات، کە ئێستاش ھەمان ئەو بۆچوونانەی ئەوکاتەی ھەیەو دەڵێت "بەڵام بەرژەوەندپەرست و ھەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕی".ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ساڵیادی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کرایەوە و زۆرترین گوتار و قسەوباسی لێوە کرا، کە تێیدا ھێزە عێراقییەکان پەلاماری شاری کەرکووک و ناوچەکانی تری جێناکۆکی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستانیان داو ھەموو ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending