هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد

ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد
ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد

2023-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر لەسێدارەدانی یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران، عەلی رەزا ئەکبەری، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا و بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ بەریتانیا، لە ئێران لەسێدارە درا، حکوومەتی ئەڵمانیا، باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین، بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، کریستۆفەر بورگەر، لە لێدوانێکیدا لە بەرلین، رایگەیاند: "دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە ئەمڕۆ باڵیۆزی ئێران، بانگێشتی کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی دەرەوە کراوە".

بورگەر، دەربارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە زانیاری نەخستەڕوو، بەڵام ئەوەی ئاشکرا کرد کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئانالێنا بایەربۆک، لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ دیوانی دادوەری نێودەوڵەتی، پرسی دادگایی کردنی بەرپرسانی رووداوەکانی ئێران، دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.

لە دوای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا ئەمە جاری چوارەمە باڵیۆزی ئێران لە بەرلین بانگێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەکرێت.

وەزارەتی هەواڵگری ئێران، دەربارەی یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری، عەلی رەزا ئەکبەری، ئەوەی خستەڕوو کە ناوبراو زانیاری ناوەندە ستراتیجی و هەستیارەکانی ئێرانی ناردووە بە دەزگای هەواڵگری نهێنی بەریتانیا کە بە (MI6) ناسراوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی هەواڵگریی ئێراندا هاتووە: "ئەکبەری، یەکێک بووە لە گرنگترین سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگری نهێنی بەریتانیا کە زانیاریی گرنگی دەربارەی ناوەندە ستراتیجییەکانی ئێران کۆکردووەتەوە و پێشکەشی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیای کردووە".

جێی وەبیرهێنانەوەیە راگەیاندنەکانی ئێران، دەربارەی کاتی دەستگیر کردنی ئەکبەری کە لەپاڵ رەگەزنامەی ئێرانی خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانییە، باس لەوە دەکەن کە لە ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا و بە تاوانی ئەنجامدانی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی نهێنی بەریتانیا، بەند کراوە.