کەمپینی کۆکردنەوەی واژوو بۆ رادەستکردنەوەی هاووڵاتییەکی بەلجیکی بە وڵاتەکەی کە لە ئێران سزا دراوە
دیجیتال میدیای سپێده
بەمەبەستی رادەستکردنەوەی هاووڵاتییەکی بەلجیکی بە وڵاتەکەی کە لە ئێران بەتاوانی سیخوڕیکردن و سپیکردنەوەی پارە و بە قاچاخبردنی دراوی بیانیی دادگایی کرا و سزای ٤٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە لە برۆکسل دەست بە کەمپینێکی کۆکردنەوەی واژوو کرا.
لەو کەمپینەی کە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی دەستی پێ کردووە و ئامانج لێی کۆکردنەوەی ١٥٠ هەزار واژووە بۆ ئازادکردنی ئۆلیڤەر ڤاندیکاستیلی، تا ئێستا ٩٠ هەزار واژوو کۆکراوەتەوە.
رێکخراوەکە لە بەیاننامەی راگەیاندنی کەمپینەکەیدا داوا دەکات، ئۆلیڤەر ڤاندیکاستیلی کە کارمەندی رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنییە لەلایەن ئێرانەوە ئازاد بکرێت، شوێنی دەستبەسەرکردنی رابگەیەندرێت، باش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، رێگە بدرێت دەستی بە پارێزەر و خزمەتگوزارییەکانی کۆنسولخانەی بەلجیکا بگات.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆلیڤەر ڤاندیکاستیلی لە مانگی شوباتدا لە ئێران کە پێشتر تیایدا کاری کردووە و ژیاوە دەستبەسەر کراوە و پاشان هەتا مانگی ئاب لە ماڵدا دەستبەسەر کراوە و مامەڵەی خراپی لەگەڵ کراوە و لە مانگی ئابیشەوە نازانرێت لە کوێیە.
ئۆلیڤەر ڤاندیکاستیلی کە لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە تاران دادگایی کرا، بە تاوانی سیخوڕیکردن و هاریکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا دژبە ئێران سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا، بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە سزای ١٢،٥ ساڵی بۆ دەرکرا و بە تاوانی قاچاخچێتی دراوی بیانیش بە ٢،٥ ساڵ زیندانی سزا درا و لەگەڵیشیدا ٧٤ قامچی لێدرا.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج، بڕیاری سزادانی ئەو هاووڵاتییە بەلجیکیە لە دوای ئەوەهات کە لە هەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، دادگای دەستووریی بەلجیکا رێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانیانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد.